دوای چەند هەفتەیەک گرژی لەسەر مافی ئاوی ڕووباری هێلمەند کە هەفتەی ڕابردوو بەرەو پێکدادانێکی کوشندە پەرەی سەند، ئێران دەڵێت پێشوەچوونی کردووە لە دانوستانەکاندا لەگەڵ فەرمانڕەواکانی تاڵیبانی ئەفغانستان سەبارەت بە ڕێڕەوی ئاوی هاوبەش.
ڕۆژی پێنجشەممە، 1ی ئەم مانگە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای دەوڵەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، حکومەتەکەی "دانوستاندنێکی باش"ی لەگەڵ تاڵیباندا کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە پرسی مافەکانی ئاومان لە بەرنامەی کاردا داناوە، سەرۆککۆماری [ئێران]یش حەسەن کازمی قومی [باڵیۆزی ئێران لە ئەفغانستان]ی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە، بەو هیوایەی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات بە ئاقارێکی ڕاستدا بڕۆن و چارەسەر بکرێن."
گرژییەکانی نێوان ئێران و تاڵیبانی ئەفغانستان دوای ئەوە پەرەسی سەند کە ئێران حکومەتی دیفاکتۆی ئەفغانستانی بە سنووردارکردنی ڕۆیشتنی ئاو بۆ ناو ئێران تۆمەتبار کرد.
هەفتەی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانی کوشندە لە نێوان هەردوولا ڕوویدا و تیایدا دوو ئەندامی هێزی ئاسایشی ئێران و پاسەوانێکی تاڵیبان کوژران.
گرژییەکان مانگی ڕابردوو دوای ئەوە دەستیپێکرد کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران هۆشداریی بە تاڵیبان دا کە "رێز لە مافەکانی ئێران لەسەر ڕووباری هێلمەند بگرن".
ڕەئیسی لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە 18ی مانگی پێنجدا گوتی " ڕێگە نادەین مافەکانی گەلەکەمان پێشێل بکرێن،" ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە تاڵیبان قسەکانی بە "جددی" وەربگرێت.
ئەمیر خان موتتەقی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بە وەکالەت ڕایگەیاند، تاڵیبان پابەندە بە پەیماننامەی ساڵی 1973ی ئاوی نێوان ئەفغانستان و ئێران، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "نابێت چاوپۆشی لە وشکەساڵی ئەفغانستان و ناوچەکە بکرێت".
فاتمە ئەمان، لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت " ئەم بابەتە لە هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و ئێراندا بووەتە پرسێکی تەواو سیاسی."
مێژووی کێشەکە
ئەمان دەڵێت ناکۆکی ئاو " هەر هەبووە، و دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کێشەکە ئەوەیە کە هەرکاتێک باران یان ئاوی پێویست هەبوو، ئەوە ڕەوشەکە بێدەنگ دەبیت بەڵام هەر کاتێک وشکە ساڵی بێت و باران نەبارێت ئەوا پرسەکە جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە."
لە ساڵی 1973 ئێران و ئەفغانستان پەیماننامەی ئاوی ڕووباری هێلمەندیان واژۆ کرد. بەپێی پەیماننامەکە، ئەفغانستان پێویستە لە ساڵێکی "ئاسایی"دا 850 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە ڕووباری هێلمەندەوە بۆ ئێران دابین بکات.
کازمی قومی باڵیۆزی ئێران بۆ ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای پەیماننامەکە، ئێران تەنیا نزیکەی لەسەدا 4ی پشکی ئاوی وەرگرتووە.
ڕووباری هێلمەند کە درێژترین ڕووباری ئەفغانستانە، درێژییەکەی نزیکەی 1150 کیلۆمەترە. ڕووبارەکە زیاتر لە سەدا 40ی ئاوی سەرزەوی ئەفغانستان پێکدەهێنێت و سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوی پارێزگاکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیە.
ئەم ڕووبارە سەرچاوەی ئاوی دەریاچەی هامونە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران کە خەڵکی ناوچەکە پشتی پێدەبەستن.
وشکەساڵی بەردەوام و گۆڕانی کەشوهەوا و نەبوونی بەڕێوەبردنی دروستی ئاو گرژی لەسەر ئاوەکانی نێوان سنوری هەردوو ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە هێناوەتە ئاراوە.
هەرچەندە گرفتە ئاسایشییەکانی ئاو تادێت زیاتر دەبێت بۆ ئەو گەلانەی کە ڕێڕەوی ئاوی هاوبەشیان هەیە، بەڵام ڕوون نییە کە ناکۆکی نێوان ئێران و ئەفغانستان تا چەند دەتوانێت پەرە بسێنێت.
مایکل ئۆهانلۆن، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی بروکینگز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، پێشبینی نەدەکرد گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەفغانستان " پەرەبسێنێت و ببێتە کێشەیەکی گەورەتر بۆ ناوچەکە".
ئۆهانلۆن گوتیشی "پێموایە ئەوەی دەیبینیت لە ڕاستیدا پرسیارێکە کە تا چەند هاوکاری دەکەن لەسەر ئەو پرسانەی کە بەرژەوەندی هاوبەشیان تێدا هەیە، وەک کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، دژە ماددە هۆشبەرەکان، پرسەکانی لەو جۆرە، کە دەتوانیت هاوکارییەکە ببینیت."
پەیوەندییە 'ئاڵۆزەکان'
لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ئێران پاڵپشتی هێزەکانی ئەفغانستانی کرد کە لە دژی تاڵیبان شەڕیان دەکرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی 1998دا نۆ دیپلۆماتکاری ئێرانی لە شاری مەزار شەریف لە باکوری ئەو وڵاتە کوشت.
ئێران پێش ڕووخانی کابول پەیوەندی نزیکتری لەگەڵ تاڵیبان دروستکرد، چونکە هەردوولا یەکگرتوو بوون لە دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
لە کاتێکدا ئێران تاڵیبانی وەک حکومەتی شەرعی ئەفغانستان نەناساندووە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەفغانستانی لە تاران ڕادەستی ئەو گرووپە کردووە.
سەرەڕای پەیوەندییە دیپلۆماسییە نزیکەکان، بەڵام لەم ساڵانەی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادان لەسەر سنوری هەردوو وڵات چەند جارێک ڕوویداوە.
ڕایان کرۆکەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تاڵیبان "زۆر ئاڵۆزە".
گوتیشی "دوا شتی کە ئەم ناوچەیە پێوستییەتی بیبینێت جۆرێک لە شەڕی سنوری نێوان ئێران و ئەفغانستانە."
سەرچاوە: بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکا