توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە زیاتر لە نیوەی دەریاچەکانی جیهان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بچووک بوونەتەوە.
توێژینەوەکە ئەو بچووکبوونەوەیە دەخاتە ئەستۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا. توێژەران دەڵێن، ئەو زانیاریانە نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی ئاوی جیهان بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و وزەی ئاوی زیاتر دەکات.
لەم دواییانەدا تیمێکی زانای نێونەتەوەیی ئەنجامەکانیان لە گۆڤاری زانستدا بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتی تیمەکەدا هاتووە کە هەندێک لە گرنگترین سەرچاوی ئاوی سازگار لە جیهاندا بە ڕێژەی 22 گیگاتۆن لە ساڵێکدا بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ ئاویان کەمبووەتەوە. ئەمەش بریتی بوو لە دەریای خەزەر لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و دەریاچەی تیتیکاکا لە ئەمەریکای باشوور لە چیای ئەندێس.
فانگفانگ یاو توێژەر لە بواری ئاوەدا لە زانکۆی ڤێرجینیا کە سەرکردایەتی توێژینەوەکە دەکاتت بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، توێژینەوەکە دەریخستووە گەرمبوونی کەشوهەوا و بەکارهێنانی ئاو لە لایەن مرۆڤەوە بووەتە هۆی دابەزینی 56%ی ئاستی ئاو لە دەریاچە سروشتییەکاندا.
هەندێک لە زانایانی کەشوهەوا پێیان وایە وشکترین ناوچەکانی جیهان وشکتر دەبن لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ناوچە شێدارەکان زیاتر شێدارتر بن. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت کە کەمبوونەوەی گەورەی ئاو تەنانەت لە ناوچە شێدارەکانی جیهانیش ڕوویداوە.
زانایان نزیکەی 2 هەزار دەریاچەی گەورەیان پشکنیوە بە بەکارهێنانی پێوانەکردنی سەتەلایت لەگەڵ لێکدانەوەی کۆمپیوتەر بۆ کەشوهەوا و ئاو پێکەوە.
تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونەوەی دەریاچەکان لە سەرانسەری جیهان بریتین لە بەکارهێنانی نا بەرپرسانەی مرۆڤ، گۆڕانکاری لە بارانبارین و ئاوی ناوچەکان، دابەزین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما. ئەو توخمانەی بوونەتە هۆی دابەزینی ئاستی دەریاچەکان لە ٪53ی دەریاچەکان لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی 1992 تا 2020.
توێژینەوەکە دەڵێت، نزیکەی 2 ملیار کەس کە لە ناوچەی وشکبوونەوەی دەریاچەکاندا دەژین، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گەرمبوون هەبووە – کە زۆربەیان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویداوە.
هەندێک لە زانایان و چالاکوانانی ژینگە داوای هەنگاوەکانیان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی جیهان بە زیاتر لە 1.5 پلەی سەدی.
لێکۆڵینەوەکە بۆیدەرکەوتوە، بەکارهێنانی نا بەرپرسانەی مرۆڤ چەندین دەریاچەی وشککردووە، لەوانە دەریای ئارال لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای مردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆتە هۆی وشکبوونەوەی دەریاچەکان لە ئەفغانستان و میسر و مەنگۆلیا.
هەروەها توێژەران دەڵین ئاستی ئاو لە یەک لەسەر چواری ئەو دەریاچانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە بەرزبووەتەوە. توێژینەوەکە دەریخستووە کە زۆرجار ئەمە لە ئەنجامی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو بووە لە ناوچەکانی وەکو تەختایی ناوەوەی تبت.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز