ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانیا لە زاری چەند دیپلۆماتکار و شرۆڤەکارەوە بڵاویکردووەتەوە کە ڕابێرت ماڵی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران چەند جارێک لەگەڵ ئەمیر سەعید ئیروانی، نێردەی و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبووەتەوە و قسەیان کردووە.
ڕاپۆرتەکەی فاینەنشاڵ تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن نووسیوێتی کە ئەو وتووێژانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووە.
هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نییە کە باس و خواستی وتووێژی نێوان ڕابێرت مالی و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دێتە پێشەوە، بەڵام ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز نووسیوێتی پێدەچێت ئەم دانوستانانە یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران بێت لەوەتای دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان واژۆ کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز، ئەگەری ئاڵوگۆڕی سەرکەوتووانەی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا، دۆخەکەش بۆ دانوستانە ناوکییەکان باشتر و ئاسانتر دەکات.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە جۆو بایدن پێشتر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە سەر پابەندبوونەکانی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015، ئەوا ئەمەریکاش دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێککەوتنە و سزاکان کەمدەکاتەوە.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گفتوگۆکانیان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمییەکانی دەستپێکردووە و ئەمەش پیشاندەری نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتانەیە لە فراوانبوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی و مەترسی دەستپێکردنی شەڕی ناوچەیی.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین ڕاپۆرتی نهێنی خۆیدا سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕێژەی مەزەندەکراوی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو گەیشتووەتە زیاتر لە 23 هێندەی ئەو سنوورەی کە لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهاندا بۆی دیاریکرابوو.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە جان کێربی گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە 31ی مانگی پێنج جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و زەلهێزە جیهانییەکان لە ئیستادا بەشێک نییە لە کارنامەی کاری ئەمەریکا و لە ئەولەویەتەکانی ئەو وڵاتەدا نەماوە.
جان کێربی گوتی "دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانیان هەرگیز بە نیازپاکی دانوستانیان نەکردووە و هیچ خواستێکیان بۆ هەنگاونان بەم ئاراستەیە نیشان نەداوە، بۆیە هیچ شتێک نەگۆڕاوە و هاوکات دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت."
سەرچاوە/ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز