Accessibility links

بلینکن کشانەوەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە مەرجی پێشوەختە بۆ ئاشتی ناودەبات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئاگربەستی شەڕی ئۆکرانیا ئەو کاتەی بەدی دێت کە ڕێککەوتنێکی ئاشتی دادپەروەرانە بێت و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستبەر بکات.

ئەنتۆنی بلینکن گوتی "ئاگربەستێک کە دۆخی شەڕەکە نەگۆڕێت و ڕێگە بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بدات کە کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەی کە دەستی بەسەردا گرتووە بچەسپێنێت و کاتی بۆ بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ هێرشی دووبارە ئامادە بکات، ئەوا ناتوانێت ببێتە هۆی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتارێکیدا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ فینلاند کە بەم دواییانە بووە بە ئەندامی ناتۆ و سنوورێکی دوور و درێژی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، گوتی "ڕووسیا دەبێت پشکی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا بدات و بەرپرسیاریش بێت لەمەڕ ئەو هێرشەی لە مانگی دووی ساڵی 2022ەوە بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکردوە.

بلینکن گوتی "ڕێگەدان بە مۆسکۆ بۆ پاراستنی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیا کە داگیری کردووە، پەیامێکی هەڵە دەنێرێت بۆ ڕووسیا و بۆ دەستدرێژکارانی دیکە لە سەرانسەری جیهان".

بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد کە واشنتن ئامادەیە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ئاشتی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بکات، لەنێویاندا چین و بەرازیل و گوتیشی بەڵام هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت پشتگیری لە بنەماکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی ئۆکرانیا بکات.

چین دەڵێت بێلایەنە و دەیەوێت وەک ناوبژیوان مامەڵە بکات، بەڵام پاڵپشتی سیاسی مۆسکۆی کردووە و ڕۆژی هەینیش داوای لە هاوپەیمانەکانی کیێڤ کرد واز لە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بهێنن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG