Accessibility links

لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە 300 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویژە، لە ڕاپۆرتێکدا کە 1ی مانگی 6 بڵاوکراوەتەوە، نووسیوێتی لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا 307 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو کە تێیدا 174 کەس لەسێدارە دراون، بە ڕێژەی 76٪ زیادی کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە تەنها لە ماوەی مانگی پێنجدا، 142 کەس لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

مافی مرۆڤی ئێران بە دووپاتکردنەوەی هۆشدارییەکانی لەمەڕ پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە کاردانەوەی توند و هەنگاوی کرداریی و پراکتیکی "ماشینی کوشتاری" کۆماری ئیسلامی ڕابگرێت.

مەحمود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت "ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە زیادکردنی لەسێدارەدانەکان دروستکردنی ترس و تۆقاندنە لە کۆمەڵگەی ئێراندا بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ناڕەزایەتییەکان و درێژەدان بە بوونی خۆی."

ئەو چالاکەی مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات و دەڵێت "ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی توند و کرداری بەرامبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان نیشان نەدات، ئەوا سەدان کەسی دیکە لە چەند مانگی داهاتوودا دەبنە قوربانی."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە لەسێدارەدانی 142 کەس تەنها لە ماوەی یەک مانگدا لەوەتای ساڵی 2015ەوە تۆمارێکی بێ وێنەیە لە ئێران.

لەو ژمارەیە، 78 کەس بە هۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارەدراون. 30 کەس لەوانەی لە سێدارە دراون خەڵکی بەلوچ بوون.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی لە زۆر تۆمەتدا جێگیرکردووە و ئاماژە بەوە دەدات کە "حکومەت بە لەسێدارەدانی دوو کەس بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینەکان و دەربڕینی بیروڕای خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها لەسێدارەدانی کەسێک بە تۆمەتی پەیوەندی سێکسی (زینا)، مەودای ئەو تۆمەتانەی فراوانتر کردووە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بەکاردەهێنێت."

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "ڕێکخراوی پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان"، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی ساڵی 2022 بە بەراورد بە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 85٪ زیادی کردووە.

بەپێی پازدەهەمین ڕاپۆرتی هاوبەشی ساڵانەی ئەو دوو ڕێکخراوەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022دا لە ئێران لەسێدارە دراون، بەرزترین ژمارەیە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا.

ڕاپۆرتە هاوبەشەکەی ئەو دوو ڕێکخراوەیەوە کە ماوەیەک پیش ئیستا بڵاو کرایەوە، دەریدەخات کە لە ساڵی 2022دا لەسێدارەدانی کەمینە نەتەوەییەکانیش زیادی کردووە. بە پێی داتا کۆکراوەکان، %30 هەموو ئەوانەی لە سێدارە دراون زیندانی بەلووچ بوون و لە دە ساڵی ڕابردووشدا، زۆرینەی ئەو زیندانیانەی کە بە تۆمەتی ئەمنی لە سێدارە دراون، سەر بە کەمینە نەتەوەییەکانی کورد، بەلوچ و عەرەب بوون.

سەرچاوە/ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران

XS
SM
MD
LG