Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر دوو کۆمپانیای سوریا دەسەپێنێت 


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا بەسەر دوو کۆمپانیای خزمەتگوزاری دارایی سوریا دەسەپێنێت کە بە نهێنی هاوکاری سوپای قودسی سوپای پاسداران، بەشار ئەسەد و حزبوڵای لوبنانیان کردووە.

ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC) لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت سزای بە سەر سێ براشدا سەپاندووە کە خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەلفازڵن کە کۆمپانیاییەکی ئاڵوگۆڕی دراوییە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تویتێکدا دەڵێت " ئەمڕۆ دوو کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی سوریایی و سێ کەسمان بە پێی یاسای قەیسەر سزا دا. ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو ئەو ڕێکارانەی کە لەبەردەستدایە بۆ پێشخستنی بەرپرسیارکردنی ئەوانەی کە ڕێگە بە سەرکوتکردنی بەردەوامی ڕژێمی ئەسەد دژ گەلی سوریا دەدەن و هەنگاونا بەرەو چاکسازی."

لە ڕاپۆرتەکەی کە تایبەتە بەو سزایانە باس لەوە کراوە کە کۆمپانیای ئەلفازڵ لە دیمەشق لە ساڵی 2021ەوە ملیۆنان دۆلاری بۆ هەژمارەکانی بانکی ناوەندی سوریا کە لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادایە، گواستوەتەوە و لە بەرژەوەندی سوریا و حکومەتی و بەشار ئەسەدا کاری کردووە.

هەروەها سەنتەری ئەلفازڵ ئاسانکاری کردووە بۆ پێدانی پارەی ڕژێمی ئەسەد بە محەمەد قاسم ئەلبزال نوێنەری دارایی حزبوڵڵای لوبنان لە بەرامبەر وەرگرتنی باری نەوتی ئێران.

کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلئەدهەمیش کە بارەگا سەرەکییەکەی لە دیمەشقە، لە ساڵی 2021ەوە ملیۆنان دۆلاری خستۆتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی سوریا.

یاسای قەیسەر، لە ساڵی 2020دا خولێکی توندی سزاکانی بەسەر سوریادا سەپاند.

XS
SM
MD
LG