Accessibility links

یاسایەکی نوێی ئۆگاندا دژ بە هاوڕەگەزخوازان کاردانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی و دەرەوەیی لێدەکەوێتەوە


چالاکوانانی ئۆگاندا داوایان لە خێرخوازانی بیانی کرد سزا بەسەر پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤدا بسەپێنن، دوای ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە یوێری موسەڤینی یاسایەکی دژە هاوڕەگەزخوازانی واژۆکرد کە بە توندترین یاساکانی جیهان وەسفکرا.

ئەو سەرۆکە هۆشدارییەکانی پشتگوێخست لەسەر ئەوەی پڕۆژە یاسای دژە هاوڕەگەزخوازی، ڕەخنەیەی زۆری لێگیراوە، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکە و هاوبەشە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان و بەخشەرەکانی یارمەتییەکان، لەنێویاندا واشنتنیش ئاڵۆز دەکات.

لە نێو ڕێوشوێنە توندەکانی تردا، یاسا نوێیەکە لە هەندێک بارودۆخدا سزای لەسێدارەدانیشی تێدایە بۆ هاوڕەگەزخوازی، هەرچەندە ئۆگاندا ساڵانێکی زۆرە سزای لەسێدارەدانی ئەنجام نەداوە.

ئەم هەنگاوە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و داوا دەکرێت پشتیوانانی دارایی ئەم وڵاتە وەڵامێکی توندیان هەبێت.

هاوپەیمانی گروپە چالاکوانەکانی ئۆگاندا درەنگانی ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەمە کاتێکی سەرەکییە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی، وەک ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا، سزا بخنە سەر ئۆگاندا بەهۆی سەرپێچیکردن لە مافەکانی مرۆڤ.

ڕۆژی دووشەممە جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "پێشێلکارییەکی دڵتەزێنە بۆ سەر مافە گشتگیرەکانی مرۆڤ" و هەڕەشەی بڕینی هاوکاری و وەبەرهێنانەکانی کرد ئەگەر پڕۆژە یاساکە هەڵنەوەشێتەوە.

بایدن گوتیشی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کردووە هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەوەی یاساکە مانای چییە بۆ "هەموو لایەنەکانی پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ ئۆگاندا"، لەوانەش خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی فریاگوزاری ئایدز و هاوکاری و وەبەرهێنانی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتیەکەی بیر لە سزاکانی سەر ئۆگاندا و سنووردارکردنی چوونە ناو ئەمەریکا بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە دەستیان هەیە لە پێشێلکارییەکان دژ بە مافەکانی مرۆڤ.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، حکومەتی ئۆگاندا بەرپرسیارە بەرامبەر بە پاراستنی مافەکانی سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و " سەرنەکەوتنی لەو کارەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان تێکدەدات".

لە ساڵی 2014دا، خێرخوازان هاوکارییەکانی ئۆگاندایان کەمکردەوە، دوای ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە مۆسیڤینی پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە هەوڵیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی لەسەر پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی بسەپێنێت، بەڵام دواتر هەڵوەشێنرایەوە.

XS
SM
MD
LG