لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 52.18%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و جارێکی دیکە وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. هەروەها نەیارەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی 47.82%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
کورد لە خولی یەکەمی هەڵبژاردن کاندیدێکی هەڵنەبژارد و بە توندی پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو کرد و لە زۆربەی شارە کوردییەکاندا، کیلیچدارئۆغڵو بەشێوەیەکی بەرچاو لە پێش ئەردۆغانەوە بوو.
ڕێژەی دەنگەکانی کلیچدارئۆغڵو لەم شارانەی خوارەوە بەم شێوەیە بوو:
دەرسیم: 82.82%
شرناخ: 76.37%
هەکاری: 72.52%
ئامەد: 71.76%
باتمان: 68.15%
ئیدیر: 67.26%
ماردین: 65.81%
ئاگری: 64.9%
وان: 61.47%
موش: 58.81%
ئەرداخان: 57.68%
قەرس: 56.35%
سێرت: 55.75%
شەوی یەکشەممە، میتات سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و هاوسەرۆکانی پارتی چەپی سەوز چیگدەم کلیچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سەبارەت بە ئەنجامی خولی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامدا.
ئاکین لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ڕایگەیاند کە ئەوان لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی تاکەکەسیدا، بە پرۆسەیەکی "نایەکسان و ناڕەوا "چوونەتە هەڵبژاردنەکانەوە.
وتیشی " کاندیدی ئاکەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردندا هەموو ئامرازەکانی دەوڵەتی بەکارهێنا و هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە نەچوون."
ئاکین ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئامانجی سەرەکییان گۆڕینی ڕژێمی ئەردۆغان بووە.
گوتیشی " بەم ستراتیژییە و خەباتی خۆمان لە قۆناغی یەکەمدا ئەردۆغانمان ڕاگرت و لە قۆناغی دووهەمیشدا هەمان ستراتیژیمان بەردەوام بوو. دەرەنجامەکان دەریانخست کە دەنگدەرانی ئێمە پشتیوانی سیاسەت و ئامانجەکانی پارتەکەمان بوون. لە 16 شار کە زۆرینەی کورد تێیدا دەژین، هەڵبژاردەی دەنگدەران کلیچدارئۆغڵویە. گەلەکەمان سەرەڕای هەموو هەڕەشە و تۆقاندنێک هەنگاوێکی بۆ دواوە نەنا."
ئاکین لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ئەوان بەردەوام دەبن لە سەرکردایەتیکردنی خەباتی دیموکراسی بۆ گۆڕانکاری چ لە پەرلەمان و چ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
بەڵام دوای هەڵبژاردنی 14ی ئایار و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی خولی دووهەم، دەنگی ناڕەزایی لەناو کورددا بەرزتر دەبێتەوە.
بەشێک لە ئەکادیمیست و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و لایەنگرانی هەدەپە بە توندی ڕەخنە لە ستراتیژی و بڕیارەکانی ئیدارەی ئەو پارتە دەگرن، بۆچی لە گەڕی یەکەمدا کاندیدیان هەڵنەبژارد و کوردیان بێ دەنگ هێشتەوە.
شرۆڤەکاری سیاسی د. جومعە کوچوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەدەپە بە نەخستنەڕووی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، دەسەڵاتێکی زۆری لەدەستدا و مەیدانی سیاسی بۆ پارتە ڕەگەزپەرستەکان جێهێشت.
گوتیشی "هەدەپە، بە نەخستنەڕووی کاندیدێک، لە پێگەیەکی بەهێزەوە خۆی خستە دۆخێکی زۆر سەختەوە و خۆی خستە ژێر سێبەری جەهەپە. هەر بۆیە لە خولی دووهەمدا بێ کار مایەوە و هەر ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کاندیدەکانی نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان".
جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە، م.ڕوشتوو تیریاکی هەروەها لە هەمان بەرنامەدا بە ڕۆبین ڕەشوانی دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند کە هێشتا بەرگری لە بڕیاری دانەنانی کاندیدێک دەکەن.
"ئێمە کاندیدێکمان نەخستەڕوو، چونکە چاوەڕوانی ئەوە هەبوو کە کیلیچدارئۆغڵو لە خولی یەکەمدا هەڵبژاردنەکە بباتەوە و نەماندەویست ئۆپۆزسیۆنەکەمان کەسێک تۆمەتبار بکات بەوەی کە ڕێگری لێدەکات".
ئێستا بەشێک لە دەنگدەران و لایەنگرانی هەدەپە لە سۆشیال میدیا داوا لە سەرکردایەتی پارتەکەیان دەکەن کە بەرپرسیارێتی شکستی هەڵبژاردنەکە لە ئەستۆ بگرن و دەستبەجێ دەست لەکار بکێشنەوە و ڕێگە بە گەنجەکان بدەن سەرکردایەتی هەدەپە بکەن.
ئێستا نازانرێت هەدەپە چی دەکات، بەڵام ڕاستییەکی ڕوون هەیە کە مۆڕاڵی لایەنگرانی ئەو پارتە زۆر نزمە و هەندێک کەس ئەنجامەکە وەک دوا هۆشداری کورد بۆ هەدەپە دەبینن.
ڕاستییەکی تریش هەیە کە ئەردۆغان هێشتا پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدایە و ڕەنگە لە داهاتوودا بتوانێت کورد بکاتە ئامانج و هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەریان زیاتر بکات.
ئێستا پرسیاری هەندێ کەس ئەوەیە بۆچی هەدەپە هەموو کات و وزەی خۆی داوە بە دژایەتیکردنی ئەردۆغان چونکە وەک دەڵێن لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش زۆر لە ئەردۆغان باشتر نییە لە بابەتەکانی دژ بە کورددا.
ئەوەی ڕوونە لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغێکی سەخت بۆ کورد لە تورکیا و هەم بۆ کورد لە سوریا دەست پێدەکات و تەنها ڕۆژانی داهاتوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەرئەنجامەکەی بۆ کورد چی دەبێت.