Accessibility links

ناتۆ داوا لە کۆسۆڤۆ دەکات گرژییەکان لەگەڵ سڕبیادا کەم بکاتەوە


هاوپەیمانێتی ناتۆ داوا لە کۆسۆڤۆ دەکات گرژییەکان لەگەڵ سڕبیادا کەم بکاتەوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی لە باکووری کۆسۆڤۆ کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سڕبین پێکدادان لە نێوان سڕبییەکان و پۆلیسی کۆسۆڤۆدا ڕوویدا.

لە ماوەی ڕابردوودا لە شارۆچکەی زڤیکان لە بەردەم بینای شارەوانیدا پۆلیسی کۆسۆڤۆ گازی فرمێسک ڕژێنی ڕشت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران. خۆپیشاندەرە سڕبییەکان هەوڵیان دەدا ڕێگری لە سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی شارەوانی بکەن تاوەکو نەچێتە بینای شارەوانییەوە، سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە ئەلبانییە، سڕبییەکانی کۆسۆڤۆش بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانەیان کردبوو. پۆلیسی کۆسۆڤۆش بە بەکارهێنانی هێز سەرۆکی شارەوانی شارەکەی بردە ناو بیناکەوە.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئۆوانا لونگیسکو وتی " داوا لە دامەزراوەکانی کۆسۆڤۆ دەکەین دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و داوا لە لایەنەکان دەکەین لە ڕێی گفتوگۆوە دۆخەکە چارەسەر بکەن."

وتیشی نێردەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ بە وریایی دەمێنێتەوە، نێردەکە بریتییە لە 3800 سەربازی ئاشتی پارێزی ناتۆ لە کۆسۆڤۆدا.

لە بەشی باکووری وڵاتەکەدا هێشتا دۆخەکە گرژیی تێدایە و هێزە چەکدارەکانی پۆلیس بە ئوتومبێلی زریپۆشەوە پاسەوانی بیناکانی شارەوانی دەکەن.

سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی داکۆکی لە کارەکانی پۆلیس کرد لە هاوەڵیکردنی سەرۆکە نوێیەکانی شارەوانییەکاندا.

کورتی وتی " ئەوانەی لە هەڵبژاردنە دیموکراسییەکاندا هەڵبژێردراون مافی خۆیانە بەبێ هەڕەشە و ترساندن پۆستەکانییان وەربگرن. هەروەها مافی دانیشتوانیشە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە خزمەت بکرێن کە خۆیان هەڵیانبژاردوون."

ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕەخنەی لە حکومەتەکەی کورتی گرت لەسەر کارەکانی لە باکووری کۆسۆڤۆ و وتی " بەبێ ئەوەی پێویست بکات گرژییان دروست کردووە و هەوڵەکانمانییان بۆ یارمەتیدان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیا خستۆتە مەترسییەوە، هەروەها دەرەنجامیشی دەبێت لەسەر پەیوەندییە دوو لایەنییەکەمان لەگەڵ کۆسۆڤۆدا."

نزیکەی 10 ساڵ دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەی نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیا، سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ هێشتا دان نانێن بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا کە لە ساڵی 2008 دا سەربەخۆیی خۆی و جیابوونەوەی لە سڕبیا ڕاگەیاند، سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ هێشتا بێلگراد بە پایتەختی خۆیان دەزانن.

زیاتر لە سەدا 90 ی دانیشتوانی کۆسۆڤۆ ئەلبانین، سڕبییەکان تەنها لە باکووری کۆسۆڤۆدا زۆرینەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG