Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا بەرامبەر بە ئاڵوگۆڕی زیندانیانی بەلجیکا و ئێران کاردانەوەیان دەبێت


ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن بەلجیکاوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. دوای ڕۆژێک لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنە لە حکومەتی بەلجیکا دەگرت و ئازادکردنی ئەسەدی بە پێشێلکردنی دادپەروەری و زیادبوونی هەڕەشەکان لە دژی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ناو دەبات.

لە بەیاننامەکەی ئەو ڕێکخراوەیەدا کە ڕۆژی هەینی لە هەژماری تویتەری بڵاوکرایەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسعەدی لەلایەن حکومەتی بەلجیکاوە بە مانای پێدانی پارێزبەندی بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ درێژەدان بە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکە بەرامبەر بە نەیارانی.

ڕۆژی هەینی بە نێوەندگیری عومان کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی بەلجیکا دوو زیندانییان ئاڵوگۆڕ کرد.

ئۆلیڤەر ڤاندێکاستیل تەمەن 42 ساڵی بەلجیکی لە ساڵی 2022 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی سیخوڕی بە 40 ساڵ زیندان سزا درا.

ڤاندێکستێل ڕۆژی هەینی 26ی مانگی پێنج لەگەڵ ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕ کرا.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا کاری دەکرد، لە ساڵی 2018 دوای ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەڕەنسا شکستیان بە پلانگێڕییەکی هێنا بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلق لە دەرەوەی پاریس، دەستگیرکرا و دوای سێ ساڵ لە دەستبەسەرکردنی، بەلجیکا لە ساڵی 2021 دا بە تۆمەتی تیرۆر سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندبوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەکەیدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە حکومەتی بەلجیکا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی زیانی بە مافی قوربانییەکان بۆ دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە گەیاندووە.

هەروەها گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان بەلجیکا و ئیران، گوتی "خۆشحاڵین کە کۆماری ئیسلامی ئەو هاووڵاتییەی بەلجیکای ئازاد کردووە و گەڕاوەتەوە ناو خێزانەکەی."

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "کۆماری ئیسلامی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە زیندانیکردنی ناڕەوای هاووڵاتییانی بیانی بۆ ئەوەی وەک چەکێکی سیاسی بەکاریان بهێنێت و دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە پێشێلکارییە دڕندانەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هەڕەمەکی زیندانیانی سیاسی، دادگاییکردنی ساختە، دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسێدارەدانی بەپەلەی هاووڵاتیانی."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG