Accessibility links

دوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی داوا دەکەن هەڵسوکەوتی تاڵیبان لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت

دوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندوو کە بە پێی هەڵسەنگاندنێکی یاسایی نوێ مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان و کچان لە ئەفغانستان دەکەوێتە چوارچێوەی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی و هەراسانکردنی سێکسی" و پێویستە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی یاساناسان (ICJ) ڕۆژی هەینی 26ی مانگی پێنج لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە ئەو سەرکوتکردن و سنووردارکردنە توندانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، پێویستە لەلایەن داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و هەراسانکردنی سێکسی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

ئەو دوو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەیاندا ئاماژە بە حاڵەتە بەربڵاوەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان دەکەن، لەوانەش بێسەروشوێنکردن، سنووردارکردنی ژنان، ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن و مامەڵەی خراپی دیکە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ڕەفتارانە دەتوانن نموونەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بن.

لەو هەڵسەنگاندنە هاوبەشەیەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە تاڵیبان ژنانی ئەفغانی کردووە بە "هاوڵاتی پلە دوو" و ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان و بە بیانووی "تاوانە ئەخلاقییەکان" ژنانیان دەستگیرکردووە، ئەمەش بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دژی سەرکوتکردنی مافەکانیان.

سانتیاگۆ کانتۆن، سکرتێری گشتی ICJ دەڵێت "هەڵمەتی تاڵیبان بۆ سەرکوتی ژنان و گۆشەگیرکردنی جێندەری هێندە بەرفەراوان و سیستماتیکە کە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن سیاسەتەکانیان سیستەمێکی سەرکوتکردن پێکدەهێنن کە ئامانجی ملکەچکردن و پەراوێزخستنی ژنان و کچانە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا."

ئەو دوو ڕێکخراوە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە لە دەسەڵاتی دادوەری نێودەوڵەتی یان ئامرازی یاسایی دیکە کەڵک وەربگرن و ئەو ئەندامانەی تاڵیبان کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، بخەنە بەردەم دادگا.

لەوەتای تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021وە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتوەتەوە، کۆت و بەندێکی زۆر و بەرفراوانیان بەسەر مافەکانی ژنانی ئەفغانستاندا سەپاندووە و ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی زۆری لێکەوتووەتەوە.

تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاڵیبانی وەک حکومەتی فەرمی نەناساندووە، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی نیگەرانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژنان.

تاڵیبان بەرگری لە شێوەی حوکمڕانی خۆی دەکات و دەڵێت هاوتەریبە لەگەڵ کولتوری ئەفغانستان و شەریعەت و یاسای ئیسلامی و هەر جۆرە سازشێکیش لەو ڕووەوە ڕەتدەکاتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و گروپە فریاگوزاریەکانی دیکە دەڵێن، سنووردارکردنی کارمەندە ژنە ئەفغانییەکانیان بووەتە هۆی تێکدانی کارەکانیان لە وڵاتێکدا کە تێیدا 28 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری بەپەلەیە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG