Accessibility links

ئێران دروستکردنی دامەزراوەیەکی ئەتۆمی ژێرزەمینی لە نزیک نەتەنز ڕەتدەکاتەوە  


دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر چیاکانی نەتەنزی ئێران، محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو بابەتەی ڕەتکردەوە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی "بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە و ڕاپۆرتی هەموو چالاکیەکی نوێش دەدرێت بەو ڕێکخراوە."

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک سەبارەت بە دروستکردنی دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی شاری نەتەنز هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و گوتی "ئەوانە پڕوپاگەندەی ئیسرائیلە کە بە مەبەستی دروستکردنی ژینگەیەکی دژی ئێمە بڵاویان دەکاتەوە" و گوتیشی "ئەوان هەر کاتێک بارودۆخیان لە ناوچەکە و لە وڵاتی خۆیاندا قورس ببێت، پەنا دەبەنە بەر بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ئیدیعاو بانگەشانە."

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕۆژی دووشەممە 22ی ئەم مانگە ڕایگەیاند وێنەکانی مانگی دەستکردی کۆمپانیای " پلانت لیز" نیشان دەدات، کۆماری ئیسلامی لە چیایەکی نزیک لە شوێنی ئەتۆمی نەتەنز لە ناوەندی ئێران خەریکی لێدانی تونێلێکە."

بەپێی پسپۆڕان و شیکارییەکی ئەو ئاژانسە هەواڵییە، شوێنە هەڵکەندراوەکان دەریدەخەن کە ناوەندەکە، پێدەچیت لە قوڵایی نێوان 80 بۆ 100 مەتر لە ژێر زەویدا بێت.

شارەزایان دەڵێن وێنەکان سەبارەت بەو پڕۆژەیە ئەوە نیشان دەدەن کۆماری ئیسلامی بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانێت لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکان کەڵک وەربگرێت نەک تەنیا بۆ دروستکردنی سەنتەرفیوژ، بەڵکو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمیش.

ئەو ڕاپۆرتە دەشڵێت ئەو دامەزراوەیەی کە لە قۆناغی دروستکردندایە، بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پارێزراوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕایگەیاند کە بە ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشیەیتد پرێس تووشی سەرسوڕمان نەبووە و ئاماژەی بەوەدا کە ئێران دامەزراوەی ژێرزەمینیی دیکەشی هەیە.

XS
SM
MD
LG