Accessibility links

ئەردۆغان: ئێمە سەرکەوتووین و چاوەڕێی ئەنجامە فەرمییەکان دەکەین


ڕەجەب تەیبت ئەردۆغان دەڵێت سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەی بەدەستهێناوە و بە وتەی خۆی 2.6 ملیۆن دەنگی زیاتری هەیە لە کەمال کلیچدائۆغڵو ڕکابەرە سەرەکیـیەکەی.

شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆماری بۆ سەرۆکایەتی لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی وتی "دەزانین سەرکەوتووین لەم هەڵبژاردنانەدا، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامە فەرمییەکان دەکەین کە خواستی نیشتمانی پیشان دەدەن."

باسی لەوە کرد کە هێشتا جیاکردنەوەی دەنگەکانی دەرەوەی وڵاتیش بەردەوامە، بۆیە چاوەڕوانە لە گەڕی یەکەمەدا 51%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

بەڵام وتیشی" ئەگەر میللەت بڕیاری دا هەڵبژاردنەکان لە گەڕی دووەم یەکلایی بکاتەوە، ئەوا ئامادەین."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ڕێژەی بەشداری خەڵک لە پرۆسەی دەنگدادنەکەدا هێندە بەرزە کە بێ پێشینەیە لە مێژووی سیاسی تورکیادا.

لایەنگرانی ئاکەپە لە بەردەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە 15 ی مانگی پێنجی 2023
لایەنگرانی ئاکەپە لە بەردەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە 15 ی مانگی پێنجی 2023


سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، وتی هاوپەیمانێتییەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

ئەویش وەک کەمال کلیچدارئۆغڵو داوای لە چاودێران کرد لە شوێنەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان بمێننەوە هەتا پرۆسەی جیاکردنەوەکە تەواو دەبێت.

بەپێی ئاژانسی ئانادوڵۆ، هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 97% ی دەنگەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی جیاکراونەتەوە و ئەردۆغان 49.36 % ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی هەر کاندیدێک پێویستە 51% ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.


سەرچاوە/ تویتەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاژانسی ئانادوڵۆ

XS
SM
MD
LG