بنکەکانی دەنگدانی تورکیا سەر لە ئێوارەی یەکشەممە بەکاتی وڵاتەکە داخران کە دەکرێت ئەو دەنگدانە کۆتایی بە دەستگرتنی دوو دەیەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بهێنێت لەسەر دەسەڵات و نەتەوەی زۆرینەی موسڵمان بخاتە سەر ڕێڕەوێکی عەلمانیتر.
پێشبینی دەکرا ڕێژەی بەشداریکردن زۆر بێت لەم دەنگدانەی کە بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە ڕیفراندۆمێک بۆ سەرکردە درێژخایەنەکەی تورکیا و پارتەکەی کە ڕەگ و ڕیشەی ئیسلامییان هەیە.
ئەمە سەختترین دەنگەانە لە زیاتر لە دەیان هەڵبژاردن کە سەرکردە تەمەن 69 ساڵەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە ، دەنگدانێک کە ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە لەدەستی بدات.
ئەردۆغان لە مێژووی سەد ساڵەی دەوڵەتی دوای عوسمانیدا، نەتەوەی 85 ملیۆن کەسی لە یەکێک لە سەردەمە گۆڕانکاری و دابەشکارییەکانیدا بەڕێوەبردووە.
تورکیا گەشەی کردووە و بووەتە سەنگێکی قورسی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی کە ڕۆڵی لە ململانێکان لە سوریاوە تا ئۆکرانیا دەگێڕێت.
پێگەی ئەو ئەندامەی ناتۆ لە هەردوو وڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ واشنتۆن و برۆکسل هێندەی بۆ دیمەشق و مۆسکۆ گرینگ بێت.
ئەردۆغان دوای ئەوەی لە ئیستەنبوڵ بەشداری لە دەنگدانەکە کرد، وتی: هیوای من بۆ خوا ئەوەیە کە دوای کۆتاییهاتنی ژماردنی دەنگەکان ئەم ئێوارەیە، دەرئەنجامێکی باش بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان،و بۆ دیموکراسی تورکیا لێبکەوێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز