Accessibility links

ئێران لەسەر گروپە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆن بانگهێشتی باڵیۆزی عێراق دەکات


میدیاکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، ئێران باڵیۆزی عێراقی بانگهێشت کردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دوای ئەوەی بەرپرسانی هێزەکانی رۆژهەڵات بەشداری مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتمانیی بارزانی" دەکەن .

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە سەر زاری وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەدا تاران "ناڕەزایەتی توندی خۆی" بەرامبەر بە بانگهێشتی ئەندامانی "گروپە دابڕێندراوەکان" لە مەراسیمەکەدا دەربڕی "بەپێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەمنی ئەم دواییەی نێوان کۆماری ئیسلامی و عێراق".

ئێران بۆ وەسفکردنی کوتلە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران، وشەی "گروپە جوداخوازەکان" بەکاردەهێنێت و بە ڕێکخراوی "تیرۆریستیان" دەزانێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایەتی خۆی لە جوڵەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری ئێران و هەرێمی کوردستان و بانگکردنیان بۆ رێوڕەسمی فەرمی هەرێم بە باڵیۆزی عێراق ڕاگەیاندوە.

هەرێمی کوردستانی میوانداری کەمپ و بنکەکان دەکات کە لەلایەن چەند کوتلەیەکی کوردی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا یان ئیسرائیل تۆمەتباری کردن.

لە مانگی سێدا ئێران و عێراق ڕێککەوتنێکیان بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانیان واژۆکرد و لە مانگی دواتردا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران دانی بە ڕێککەوتنی "ئەمنی"دا نا و ڕایگەیاند "ئاسایشی عێراق و سنوورەکانی بۆ ئێمە زۆر گرنگە".

جێی باسە ڕۆژی پێنجشەممە 11ی ئەم مانگە، مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتمانیی بارزانی" لە بارزان، بە ئامادەبونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتان بەڕێوەچو، کە تیایدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی هێزەکانی رۆژهەڵات ئامادەی بوون، ئەوەش نیگەرانی لای ئێران دروستکردوە.

لە چالاکییەکەدا عەبدول لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەروەها نوێنەرانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ئامادەبوون.

لە مانگی یانزەدا ئێران هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سنوور بەزاندنی بۆ سەر چەند گروپێک لە باکووری عێراق دەستپێکرد و تۆمەتباری کردبوون بە هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان کە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی ئێرانی لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا لە کاتی دەستبەسەریدا سەریهەڵدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG