Accessibility links

ڕێبەرانی دارایی گروپی حەوت مشتومڕ لەسەر کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازرگانی لەگەڵ چین دەکەن


کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، سەرکردەکانی دارایی گروپی حەوت وڵاتی ئابووری پێشکەوتوو (G7) باسیان لە پێویستی بە خۆڕاگرترکردنی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهان کردووە لەڕێگەی کەمکردنەوەی پشتبەستنی زۆر بە چین.

ژاپۆن کە میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێ ڕۆژەی گروپی حەوت دەکات بۆ مشتومڕکردن لەسەر تەوەرە سەرەکییە جیهانییەکان لە شاری نیگاتا، سەرکردایەتی هەوڵە نوێیەکانی کردووە بۆ هەمەچەشنکردنی زنجیرەکانی دابینکردن دوور لە چین لەڕێگەی دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند لەڕێگەی وەبەرهێنان و یارمەتییەوە.
لیندنەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا دەیانەوێت پشتبەستنیان بە چین کەمبکەنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "لێرەدا وڵاتانی تازەپێگەیشتو و کەم داهات دێنە گۆڕەپانەکەوە".

بەڵام لە کاتێکدا پێدەچێت دیموکراسییە دەوڵەمەندەکانی گروپی حەوت لەسەر گرێبەستی هاوبەشی بۆ بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکردن ڕێکبکەون، بەڵام لە هەمان لاپەڕەدا نین لەڕووی ئەوەی کە تا چەند دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی چیندا بەردەوامبن، دووەم گەورەترین ئابووری جیهان کە ئەندامی گروپی حەوت نییە .

ئەمەریکا لە پێشەنگدایە لە پاڵنانی هەنگاوی بەهێزتر. جانێت یێلن، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا داوای کۆنترۆڵکردنی ئامانجدار لە وەبەرهێنان بۆ چین دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو شتەی کە بە "زۆرکردنی ئابووری" پەکین لە دژی وڵاتانی دیکە دەیبینێت.
لە کاتێکدا ئەڵمانیا ئاگاداری چینە وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی، بەڵام وریایە لەوەی کە بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی زۆری بە بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا وەک بەرەیەکی گروپی حەوت لە دژی پەکین سەیر بکرێت.

هەروەها ژاپۆن بە گومانەوە لە بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی وەبەرهێنان بەهۆی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت لەسەر بازرگانی جیهانی و ئابووری خۆی هەبێت.

جێرمی هانت وەزیری دارایی بەریتانیا پێشتر بە ڕۆژنامەی نیکیی ڕاگەیاندووە کە گروپی حەوت دەبێت بەرپەرچی زۆرەملێی ئابووری چین بداتەوە، هەرچەندە باسی کۆنترۆڵکردنی وەبەرهێنانی نەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG