Accessibility links

فەرەنسا : دوو هاووڵاتی کە لە زیندانێکی ئێران ئازادکراون بەرەو پاریس بەڕێکەوتوون


دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند، هاووڵاتییەکی فەرەنسی و کەسێکی دیکە کە دوو ڕەگەزنامەی فەرەنسی و ئێرلەندیی هەیە، لە زیندانێکی ئێران ئازادکراون، کە دەرئەنجامی هەوڵێکی زۆر سەخت بووە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ نیشتیمان.

کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، بنیامین بریێر و بێرنارد فیلان، کە هەردووکیان لە زیندانێکی شاری مەشهەد، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەستبەسەربوون، بەرەو پاریس کەوتونەتە ڕێ.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمار لە تویتێکدا نووسیویەتی: دواجار ئازادکران. ڕزگاریانبوو.

کۆلۆنا پێشتر ڕۆژی هەینی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی کردووە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە نووسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران، ئیرنا، ڕایگەیاندووە؛ وەزیری فەرەنسا سوپاسی ئێرانی کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو دوو کەسە، و ئەو هەنگاوەی بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی متمانە ناوبردووە.

بریێری تەمەن 37 ساڵ، سێ ساڵ لەمەوبەر، لە مانگی ئایاری 2020، لەکاتی گەشتکردندا، بەهۆی گرتنی وێنەی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەیەکدا کە کامێراکانی لێ قەدەغەکرابوو، وهەروەها پرسیاری لە سۆشیال میدیادا سەبارەت بەو پۆشاکانەی کە پێویستە ژنان لە ئێران لەبەری بکەن، دەستگیرکراوە.

ناوبراو بە تاوانی سیخوڕیکردن سزا درا و سزای 8 ساڵ و هەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دواتر بەپێی زانیارییەکان ئەمساڵ بێتاوان دەرچووە.

فیلان تەمەن 64 ساڵ کە خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی فەرەنسی و ئێرلەندییە، بەپێی ڕۆژنامەی "لۆ پاریسیان"ی فەرەنسی حەوت مانگ لەمەوبەر لەکاتی سەردانیکردنی ئێران بەهۆی چالاکییەکانی ڕاوێژکاری بۆ کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەستگیرکراوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دژە حکومەتدا دەستبەسەرکراوە، ئەو سەروەختەی هەر لەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە لە دەزگاکانی پۆلیسی ئاکاری ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئێران سەریانهەڵدا و فیلان دەستگیرکراو سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

کارۆلین خوشکی فیلان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: ناتوانین پێتان بڵێین چەند دڵخۆش و ئاسوودە بووین، براکەم زیاتر لە 200 ڕۆژ دەستبەسەر بووە.

کۆلۆنا ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید قسەی لەگەڵ هاوکارەکانی کرد، لەگەڵ هاوتا ئێرلەندییەکەی مایکل مارتن دڵخۆش بوو بە ئازادی زیندانییەکان.

مارتن وتی ئازادکردنی ئەو دوو زیندانییە هەوڵێکی بە کۆمەڵ بوو کە "لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا" ئەنجامدراوە. وتیشی "نەدەبوو ئاوا بە ناچاری بەم تاقیکردنەوەیەدا تێپەڕن."

کۆلۆنا وتشی کاری دیپلۆماسی زیاتر لەگەڵ تاران پێویستە "چونکە بەداخەوە زۆرن ئەوانەی بەبێ هۆکار لە ئێران دەستبەسەر دەکرێن." چوار کەسی فەرەنسی و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی دیکەی ئەوروپی هێشتا لە زینداندان.

ئەو هاوڵاتییە فەرەنسییانە بریتین لە سیسیل کۆهلەر تەمەن 37 ساڵ، و چاک پاریسی تەمەن 69 ساڵ کە لە 7ی مانگی 5 ی ساڵی 2022 دا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی ئێران و بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکی دژ بە حکومەت دەستگیرکران. فەرەنسا ئەو دوو کەسەی وەک بەرپرسێکی سەندیکای مامۆستایان و هاوبەشەکەی ناساندووە کە لەکاتی پشوودابوون لە ئێران.

فەریبە عادلخا ئەکادیمیستی فەرەنسی – ئێرانی کە لە ساڵی 2019 دەستبەسەر کرابوو، لە مانگی یەکی ئەمساڵ لە زیندان ئازاد کرا. بەر لەوەی ئازادبکرێت بەشێک لە سزاکەی بریتیبوو لەوەی کە دەبێت پێنج ساڵەکەی دیکەی سزاکەی لە ماڵەوە بە دەستبەسەری تەواوبکات، بەڵام لە مانگی یەکی ساڵی 2022دا بڕیاری دووبارە زیندانیکردنەوەی دەرکرا.

ئەو کچە بە “پڕوپاگەندە دژی سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی” و “هاوبەشی بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” تۆمەتبار کراوە.

هاوڕێی عەبدولخا، ڕۆلاند مارشاڵی ئەکادیمی، لە ساڵی 2020 ئازادکرا، دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی لە ئاڵوگۆڕێکی زیندانیکردندا. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو، ئازادکردنی چەند کاتژمێرێک دوای ئازادکردنی جەلال ڕوحوڵڵا نژاد لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە هات.

ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پلانیان داناوە ڕوحوڵڵا نژاد ڕادەستی ئەمەریکا بکەن بەهۆی ڕۆڵی گوایە لە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کە زیاتر لە ساڵێکە لە فەرەنسا لە زینداندایە.

گرژییەکانی نێوان ئێران، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە تێپەڕبوونی کات خراپتر بووە، بەهۆی گەشەکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، هاوکات بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت و دژە حیجاب لەلایەن تارانەوە گرژییەکان ئاڵۆزتر بووە.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG