Accessibility links

لە دووەم تەقەی بەکۆمەڵ لە سربیا هەشت کەس کوژران


پۆلیس تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد دوای ئەوەی هەشت کەس لە دووەم تەقەکردنی بەکۆمەڵ لە سربیا لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا کوژران، لەکاتێکدا ئەلێکساندەر ڤوسیچ سەرۆکی سربیا ڕۆژی هەینی وەڵامی ئەو ڕووداوانەی دایەوە کە بە وتەی خۆی "هێرشێکی تیرۆریستییە" بە پێشنیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی نوێی کۆنترۆڵکردنی چەک لە وڵاتەکەیدا.

پێشتر تەقەکردنێکی بەکۆمەڵ ئەو وڵاتەی بەڵکانی لە ڕۆژی چوارشەممەدا هەژاند ، لە دەمەی کوڕێکی تەمەن 13 ساڵ لە قوتابخانەیەکی شاری بەلگراد تەقەی لە نۆ کەس کرد و حەوت کەسیشی بریندارکرد پێش ئەوەی خۆی ڕادەست بکات.
سربەکان لە ڕۆژی هەینیەوە سێ ڕۆژ ماتەمینییان بۆ ئەو قوربانیانە دەستپێکردبوو، کاتێک هەواڵی ڕووداوی دووەم بڵاوبووەوە، کە دەسەڵاتداران دەڵێن درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە لە گوندی دوبۆنا کە 42 کیلۆمەتر لە باشووری بەلگرادەوە دوورە، ڕوویداوە.
پەخشی ئێزگەی فەرمی ئار تی ئێس RTS ڕایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە گەنجێکە و لە حەوشەی قوتابخانەیەکدا تووشی شەڕ و ئاژاوە بووە. پاشان ڕۆیشت و بە تفەنگێکی هێرشبەر و دەمانچەیەکی دەستیەوە گەڕایەوە، و تەقەی کرد و بەردەوام بوو لە تەقەکردن لە خەڵک لە ئۆتۆمبێلێکیە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی .
وەزارەتی ناوخۆی سربیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "تۆمەتبار یو بی، لەدایکبووی ساڵی 2002 ، لە دەوروبەری شاری کراگویڤاچ دەستگیرکراوە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت لە شەوێکدا هەشت کەس کوشتبێت و 14 کەسیش بریندارکردبێت". لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش بەردەوامە.

لە وتارێکی نیشتمانیدا، ڤوسیچ ، وتی چەکدارەکە تیشێرتێکی لەبەردا بووە کە هێماکانی نازی لەسەر بووە. هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی تەقەکردنەکانەوە نەخستەڕوو.

ڤوسیچ پێشنیاری وەستاندنی مۆڵەتی پێدانی دەمانچەو چەکی کرد بەبێ گوێدانە جۆرەکەی ، لە هەنگاوێکدا کە ناوی لێنا "چەکداماڵینی پراکتیکی" سربیا کە هەروەها پشکنینی پزیشکی و دەروونی زیاتری خاوەن دەمانچە لەخۆدەگرێت.

ڤوسیچ هەروەها وتی حکومەت 1200 ئەفسەری نوێی پۆلیسیش دادەمەزرێنێت بۆ پتەوکردنی ئاسایشی قوتابخانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG