عەلی ئیحسان یاڤوس، جێگری بەرپرسی کاروباری هەڵبژاردنەکانی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند، لە 9ی مانگی پێنج کۆتایی بە باری نائاسایی لە ناوچەکانی بوومەلەرزەکە دەهێنن.
یاڤوز ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی ئەوەی هیچ کێشەیەک لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە ڕوونەدات باری نائاسایییان ڕاگەیاندبوو و ئەگەر هەڵبگیرێت هیچ کێشەیەک دروست نابێت.
گوتیشی "دوای بوومەلەرزەکانی 6ی مانگی دوو، نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتی لەو هەرێمەوە کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیەشدا 650 هەزاریان دەنگدەرن، لە کۆی ئەو 650 هەزار دەنگدەرەش، نزیکەی 500 هەزار کەس دەتوانن لەو شوێنانە دەنگبدەن کە لە ساڵی 2019دا دەنگیان لێداوە".
یاڤوز ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ناوچەی بوومەلەرزەکە چۆڵ نەکراوە و ئەگەر پێویست بکات، بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتن و کارەسات (ئافاد) هاوکارییەکان دەگەیەنێتە شوێنی دەنگدان لەوێ.
شایانی باسە هاووڵاتیانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی لە 14ی 5دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.