Accessibility links

نرخی جۆراوجۆری نان دەبێتە کێشەیەکی نوێی هاووڵاتیان لە ئێران


لە ئێران بە فەرمی نان بە چەند نرخێکی جیاوازی پەسەندکراو دەفرۆشرێت و هەندێک لە سەندیکاکانیش لیستی نرخیان بۆ خۆیان هەیە.

میدیاکانی ئێران فرۆشتنی نانی سەنگەک بە ڕێگای ئۆنلاینن بە نرخی 35 هەزار تمەن ڕاگەیاندووە. ماڵپەڕی "تجارات نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر بازاڕی ئۆنلاینی نان نووسیویەتی لە پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکاندا یەک نانی سەنگەک بە گوێزەوە بە 35 هەزار تمەن دەفرۆشرێت و شێوازە سادەکەی بە 15 هەزار تمەن دەفرۆشرێت. نانی بەربەڕی، وەک یەکێک لە نانە بەناوبانگەکانی کە خەڵک زۆر دەیکڕێت، لە 14 هەزار بۆ 30 هەزار تمەن دەگاتە کڕیاران، بەڵام سەرۆکی یەکێتی نانی سەنگەک لە تاران بەرزبوونەوەی نرخی نان لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی داواکاری بەرزکردنەوەی نرخ بۆ حکومەت ڕەوانە کراوە.

محەممەد سولەیمانی پێی وایە دەبێت نرخی نان بە ڕێژەی بەرزبوونەوەی تێچووی تر و هەڵاوسان هاوتا بکرێت و ناکرێت ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت. لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێران"، سولەیمانی پیشەسازی نانی بەبێ سەرپەرشتیار زانی و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر نرخی نان ڕاست نەکرێتەوە وڵات دووچاری "کێشەیەکی ڕژد" دەبێتەوە لەم کەرتەدا .

هەرچەندە ماوەیەکی زۆر نەبوو، ئیحسان خاندوزی، وەزیری ئابوری ڕایگەیاند کە یارمەتیی نان (یارانەی نان) دوو هێندە زیادی کردووە، بەڵام بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆر بەردەوام لە زیادبووندایە، وەک کەمبوونەوەی ڕووبەری چاندنی گەنم لە وڵات و زیادبوونی پێویستی هاوردەکردن. چالاکوانانی ئەم بوارەش پێیان وایە ئەم ڕەوتە بەردەوام نابێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی نرخی جێگیر لە وڵاتانی دراوسێدا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی قاچاخی گەنم و ئەم بابەتە تا ڕادەیەک زیادی کردووە کە بە گوتەی ئاژانسی هەواڵی "فارس"، کاریگەری لەسەر نرخی جێگیری حکومەت هەبووە و زۆرێک لە جووتیاران گەنمەکانیان بە حکومەت نافرۆشن. بەڵام حکومەت چاوی لەوەیە نرخی کڕینی گەرەنتی تا 17 هەزار تمەن بەرز بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەزگای نیشتمانیی بەرهەمهێنەرانی گەنم ڕایگەیاندووە کە قاچاخچییەکانی گەنمی ناوخۆ لە 24 بۆ 30 هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک دەدەن.

شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕەتکردنەوەی ئۆکرانیا بۆ فرۆشتنی گەنم بە ئێران، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و تێچووی گواستنەوەی جیهانی، لەگەڵ هەڵاوسانی ناوخۆیی، ئەو خاڵە دیارانەن کە کاری زیاتری کردووەتە سەر نرخی نان و ئاردی گەنم و ئەمەش نیگەرانییەکانی لەو وڵاتەدا زیاترکردووە.

سەرچاوە: بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG