Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا هەواڵی کوشتنی ڕێبەری نوێی داعش پشتڕاست ناکاتەوە


لە پاش ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر کوشتنی ئەبو حسێن ئەلقوڕەیشی، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت ناتوانن ئەو هەواڵە پشتڕاست بکەنەوە هەروەها، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردووەتەوە.

فەرهاد شامی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لە تۆڕی تویتەر گوتی " لە ڕاستیدا ئەو کەسایەتییە داعشە، ئەبو حسین قوڕەیشی، کە ئەردۆغان ئاماژەی بە کوشتنی کردووە، لە بنکەیەکی سەربازیی سەر بە گروپی بەکرێگیراوانی ئەحرار شەرقییە کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن جێگیر بووە و لە جندیرێسی عەفرین کوژراوە."

شامی دەشڵێت "هیچ شتێکی نوێ لەم ڕووداوەدا نییە جگە لە کۆتاییهاتنی ئەرکێکی ئەندامێکی داعش کە لە مێژە لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە لە عەفرینی داگیرکراو پارێزراو بوو."

ئەمەریکا تا ئێستا ڕەتیدەکاتەوە پشتگیری لەو بانگەشەیەی تورکیا بکات لەسەر کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای داعش دوای ئۆپەراسیۆنێک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند تا ئێستا واشنتۆن هیچی نەبینیوە کە ئاماژە بەوە بکات سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامی بەڕاستی کوژرابێت.

ئەو بەرپرسە بە جێف سێڵدنی دەنگی ئەمەریکای گوت " ئێمە ناتوانین ئەمە پشتڕاست بکەینەوە، جگە لەوەش هیچ زانیارییەکمان نییە کە پشتگیری لەم ئیدیعایە بکات."

ڕۆژی دووشەممە تورکیا وردەکاری نوێی سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە تەقاندنەوەی هێلەکە بۆمبڕێژکراوەکەی خۆی کوشتووە بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆی دەوڵەتی تورکیا ناوی تەواوی بە ئەبو ئەلحوسێن ئەلحوسێنی ئەلقوڕەشی ڕاگەیاندووە و دەشڵێت کە لە ساڵی 2013 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و بە خێرایی لە ڕێگەی ڕیزەکانی ئەو گرووپە جیهادییەوە پلەکەی بەرز بووەتەوە.

هەروەها میدیاکانی تورکیا وێنەی باڵەخانەیەکی کە چواردەوری گیراوە لە ناوەڕاستی کێڵگەیەکدا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن قوڕەشی لە پارێزگای عەفرینی سوریا خۆی حەشاردابوو. بەشێکی باڵەخانەکە ڕووخاوە و واپێدەچێت بەهۆی بۆمبەوە بوبێت.

ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا سەرکەوتنێکی گەورە لە شەڕی دژی داعشدا ڕابگەیەنێت.

مانگی پێنجی ساڵی ڕابردووش، بەرپرسانی ئاسایشی تورکیا ڕایانگەیاندبوو کە لە کاتی هەڵمەتێکدا لە ئەستەنبوڵ سەرکردەی باڵای پێشووی داعشیان گرتووە.

دواتر بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دەریانخست کە ئەو بانگەشەیە زیادەڕەوی تێدا کراوە و ئەو بەرپرسەی داعش کە دەستگیرکراوە بەشار حەتاب غەزال ئەلسومەیدی بووە کە سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوەکە بووە.

داعش لە ڕۆژی 30 مانگی 11 ی ڕابردوو مەرگی ڕێبەری پێشووی خۆی، ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی ڕاگەیاند.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 واشنتن ڕایگەیاند ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعشی لە باکور و ڕۆژئاوای سوریا کوشتووە و لەو کاتەوە چەندین فەرماندەی باڵای ئەو گروپە لە هەڵمەتەکاندا کوژراون.

XS
SM
MD
LG