ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس واچ یان ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت کە هێزەکانی سنووری تورکیا پەنابەرانی سووری دەکوژن و ئەشکەنجەیان دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەو ڕێکخراوەیە بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی سنووری تورکیا بەرامبەر بە پەنابەران، توندوتیژییەکی بێسنوور و لەڕادەبەدەر بەکاردەهێنن، لەوانەش تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەران بۆ ناو تورکیا.
هیو ویڵیامسۆن بەڕێوەبەری ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس واچ لەم بارەیەوە دەڵێت "کوشتنی سورییەکان بەشێکی تایبەتە لە شێوازی دڕندە و نامرۆڤانەی هێزە سنوورییەکانی تورکیا کە حکومەتی ئەو وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی و لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە شکستی هێناوە."
ڕاپۆرتەکەی هیومەن ڕایتس واچ دوای مانگێک لەو ڕووداوە بڵاودەکرێتەوە کە پاسەوانانی سنووری تورکیا لە 11ی مانگی 3ی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی دەڕەندانە هێرشیان کردە سەر هەشت پەنابەری سووری کە هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانیان دابوو، لە ئەنجامی ئەشکەنجەکانیاندا پیاوێک و مێردمنداڵێک گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
دوای ئەو ڕووداوە چەندین پاسەوانی سنووری تورکیا دەستگیرکران و لە ئێستادا بە تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس واچ پێی وایە جگە لەو ڕێوشوێنانە، حکومەتی تورکیا هیچ ڕێوشوێنێکی دیکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کارانەدا نەگرتووەتەبەر.
هەروەها لە 13ی مانگی 3دا، پاسەوانێکی سنووری تورکیا تەقەی لە پیاوێکی تەمەن 59 ساڵانی سوری کرد کە لە ناوچەیەکی تەنیشت سنوورەکە خەریکی کێڵانی زەویەکەی بوو. حکومەتی تورکیا تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەو کوشتنە نەخستوەتە ڕوو.
لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، 11 حاڵەتی کوژراو و 20 حاڵەتی برینداربوونی سوورییەکانیان لە سەر سنوورەکانی سووریا و تورکیا بە هۆی توندووتیژی پاسەوانی سنووری تورکیاوە، تۆمارکردووە.
لە نێوان مانگی 10ی ساڵی 2015 تا مانگی 4ی ئەمساڵ، 277 حاڵەتی پێشێلکاریی جددی مافی مرۆڤی پەنابەران و پەناخوازانی سووریا لەسەر سنووری تورکیا و سوریا ڕوویانداوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 234 کەس گیانیان لەدەستداوە و 231 کەسیش برینداربوون. 20 لە کوژراوەکان و 15 لە بریندارەکان منداڵ بوون.
سەرچاوە/ ماڵپەڕی هیومەن ڕایتس واچ