Accessibility links

لە هێرشێکی مووشەکی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا 22 کەس دەکوژرێن


کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند ڕووسیا سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی زیاتر لە 20 مووشەکی کروز و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئۆکرانیا کردووە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 22 کەس.

کوژراوەکان بە زۆرینە لە باڵەخانەیەکدا بوون کە دوو مووشەکی بەرکەوتووە و لە نێو کوژراوەکاندا سێ منداڵیش بوون.

لە ماوەی ئەم دوومانگەدا، ئەمە یەکەم هێرشی مووشەکی ڕووسیا بووە بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و دەورووبەرەکانی.

مووشەکەکانی ڕووسیا بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی 9 نهۆمی لە شاری ئومان کەوتووە کە شارێکە بە دووری 215 کیلۆمەتر لە باشووری کیێڤەوە.

فەرمانداری شارەکە ڕایگەیاندوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا 17 کەس لەو باڵەخانەیەدا کوژراون کە دوو منداڵی تەمەن 10 ساڵان و منداڵێکی ساواشیان تێدا بووە.

بە گوتەی کارمەندانی فریاکەوتن لە شوێنی ڕووداوەکە، ژنێکی تەمەن 75ساڵانی دراوسێی ئەو باڵەخانەیە بەهۆی شەپۆلی تەقینەوە بەهێزەکەوە تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە بووە و گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە 17 کەسیش بریندار بوون و سێ منداڵیش لە ژێر داروپەردووەکاندا ڕزگار کرراون.

مۆسکۆ لە ماوەی ئەم 14 مانگەدا کە هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، چەندین هێرشی مووشەکی دوور مەودای بە ئاراستەی ئۆکرانیا هەڵداوە و زۆرجار ناوچە مەدەنییەکانی کردۆتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندوە کە هێرشەکان ئەو شوێنانەیان کردۆتە ئامانج کە هێزە سەربازییە یەدەگەکانی ئۆکرانیایان تێدا جێگیرکراوە.

بەرپرسان و شرۆڤەکارانی ئۆکرانیا دەڵێن ئەم جۆرە هێرشانە بەشێکن لە ستراتیژییەکانی کرێملین بۆ تیرۆر و تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی.

هێرشەکان چەند ڕۆژ دوای ئەوە بووە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئەو و هاوتا چینیەکەی شی جینپینگ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "درێژ و مانادار"یان هەبووە و تیایدا شی ڕایگەیاندووە کە حکومەتەکەی نوێنەری ئاشتی دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە.

دیمیترۆ کوڵبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاندوە کە بۆردومانەکەی ڕۆژی هەینی دەریدەخات کە کرێملین گرنگی بە ئاشتی نادات.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG