Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ دەخاتە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و دەزگای هەواڵگری ڕووسیا


ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە سزای نوێی سەپاند بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران و دەزگای هەواڵگری FSB ی ڕووسیا، بەهۆی گرتنی ئەمەریکاییەکان وەک "بارمتە" لە ناویاندا پەیامنێرێکی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ کە مانگی ڕابردوو لە ڕووسیا دەستگیرکرا.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت، ئەمەریکا "نیشان دەدات کە مرۆڤ ناتوانێت بەشداری ئەم جۆرە ڕەفتارە ترسناکانە بکات کە مرۆڤ وەکو بارمتە بەکاربهێنرێت بۆ موزایەدەکردن، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هەلومەرج بیتەوە."

هەردوو دەزگاکە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمەریکاوە سزادرابوون.

بەڵام ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، سزا نوێیەکان جەخت لەسەر تێڕوانینی ئەمەریکا دەکەنەوە سەبارەت بەوەی کە بە دیاردەیەکی زیادبوونی حکومەتەکان وەسفیکردووە کە هاووڵاتیانی بیانی بۆ بەرژەوەندی سیاسی دەستبەسەر دەکەن.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، جێبەجێکردنی سزاکان ئامانجی بۆ "بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانبارانە، و بەو کارەش، ڕێگریدەکرێت لە زۆربوونی ئەم حاڵەتانە ".

ئەم سزایانە دوای مانگێک بوو لەوەی ڕووسیا ئیڤان گێرشکۆڤیچ پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆرنەڵی دەستگیرکرد و تۆمەتی سیخوڕیکردنی خستە پاڵ.

ئەمەریکا داوای ئازادکردنی دەکات، هەروەها پۆڵ ویلان، کە پێشتر هێزی لە دەریایی ئەمەریکا بووە و لە ساڵی 2018 لە ڕووسیا دەستگیرکرا و دوای دوو ساڵ بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ساڵی ڕابردوو لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا ئەمەریکا ئازادکردنی ئەستێرەی تۆپی باسکە بریتنی گراینەری لە ڕووسیا مسۆگەر کرد کە بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان زیندانی کرابوو و یەکێکی دیکە لە هێزەکانی دەریایی پێشوو بەناوی ترێڤەر ڕید کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرێکی پۆلیسی ڕووسیا زیندانیکرابوو.

لانیکەم سێ هاووڵاتی ئەمەریکایی لە بەندیخانەکانی ئێران دەستبەسەرن، لەنێویاندا بازرگان سیامەک نەمازی کە لە ساڵی 2015ەوە لە زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە.

گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر چوار بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانیشدا سەپاند.

برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " چالاکییەکەی ئەمڕۆ بەرپرسانی باڵا و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئێران و ڕووسیا دەکاتە ئامانج کە بەرپرسیارن لە بارمتەگرتن یان دەستبەسەرکردنی ناڕەوای هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە دەرەوەی وڵات.".

XS
SM
MD
LG