Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: هێزەکانی ئێران منداڵانیان ئەشکەنجەداوە و دەستدرێژییان کردوونەتە سەر


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئاسایشییەکانی ئێران کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی وڵاتەکە سەرکوتدەکەن، منداڵانیان کوشتووە، ئەشکەنجەداوە و دەستدرێژی سێکسییان کردوونەتەسەر.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا دەشڵێت "هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران منداڵانیان بە پێشێلکردنی پارێزبەندییە یاساییەکان دەستگیرکردووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردوون و دادوەرەکانیش ڕێگرییان لە خێزانی منداڵان کردووە پارێزەر بە دڵی خۆیان دیاری بکەن بۆ بەرگریکردن لێیان، منداڵانیان بە تۆمەتی ناڕوون سزا داوە و لە دەرەوەی دادگاکانی لاوان دادگاییکردنیان کردووە کە دەبێت تاکە دەسەڵاتی دادوەری بێت بەسەر کەیسەکانی منداڵاندا."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت ئێران ڕێگری لەو منداڵانە کردووە کە لە دەستبەسەرکردن ئازادکراون بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە، هەروەها دەسەڵاتداران ڕێگرییان لە دەستڕاگەیشتنی خێزانەکانیان کردووە بۆ بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی.

تارا سپێهری فەر، لێکۆڵەری باڵای ئێران لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، ئێران لە ماوەی حەوت مانگ لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوژرانی مەهسا ئەمینی (ژینا) دەسەڵاتی دەوڵەتی " تەنانەت بۆ بێدەنگکردنی منداڵان"یش بەکارهێناوە.

سپێهری فەر دەشڵێت "سەرکردەکانی ئێران هێزە ئاسایشییە دڕندەکانیان بەرەڵا کردووە بۆ دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەدانی منداڵان، و منداڵانیشیان نەبەخشیوە لە دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی گاڵتەجاڕانە."

ئەو حاڵەتانەی لە ڕاپۆرتەکەدا بەبەڵگە خراونەتە ڕوو بریتین لە شکستهێنانی دەسەڵاتداران لە پێشکەشکردنی چاودێری پزیشکی بۆ منداڵانی بریندار وەک کوڕێکی تەمەن 13 ساڵ کە لەکاتی لێدانێکدا بڕبڕەی پشتی شکاوە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە خوێندکارێکی ئامادەیی دوای دەستگیرکردنی لە مانگی نۆڤەمبەردا بە تەزووی کارەبا و دار و قامچی ئەشکەنجەی درێژخایەن دراوە.

مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە 16 ی مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ دەستگیرکرابوو، بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران. ئەو خۆپیشاندانانەی بە شۆرشی ژینا ناسران بوون بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ڕژێمی ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژران لە ناویاندا ئەندامانی پۆلیسیش بە هەزاران کەس برینداربوون و بە دەیان هەزار کەسیش دەسگیرکران.

XS
SM
MD
LG