بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە 25ی مانگی چواری ساڵی 1992 دامەزرا ئەویش بەهەوڵێکی زۆری چەند کەسایەتیەکی دڵسوز. لەسەرەتادا بەشی کوردی تەنها 5 کارمەندی هەبوو، و ماوەی پەخشی بەرنامەکان لەسەر ڕادیۆ تەنها 15 خولەک بوو، بەڵام لەپاش دوو مانگ ژمارەی کارمەندان بۆ 9 کارمەند زیادیکرد، و ماوەی بەرنامەکانی بوون بە 30 خولەک. لە مانگی یازدەی هەمان ساڵ کارمەندان بوون بە 11 و ماوەی بەرنامەکان بوو یەک کاتژمێر زیادکران.
لەمانگی یەکی ساڵی 2003 واتا بەر لە شەڕی کەنداوی دووهەم و ڕزگارکردنی عێراق لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بە چەند مانگێک ماوەی بەرنامەکان بۆ چوار کاتژمێرزیادکران و ژمارەی کارمەندان بوو بە 22 و لە مانگی چواری هەر هەمان ساڵدا بوو بە 27 کارمەند. پاش شەڕی داعش و زۆربوونی هەواڵەکانی ناوچەکە لە ساڵی 2015 وە ژمارەی کارمەندان گەیشتە 31 و لەگەڵیدا پەیامنێرانی بەشی کوردی زیادکران، و بوونەتە سەرچاوەی هەواڵ نەک تەنها بۆ بەشی کوردی بەڵکو بۆ تەواوی دەنگی ئەمەریکا.
لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و کۆمپیۆتەر و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت بەجیهاندا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 وە ماڵپەڕی خۆی کردەوە بە هەردوو زاراوە، و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێگەی نوێ دەگرێتەبەر بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی وپەیوەندیکردن لەگەڵ جەماوەرەکەیدا لەوانە فەیسبووک و یوتیوب و تویتەر وئینساتگرام.
لە بواری تەلەفیزیۆندا لە 23ی مانگی چواری ساڵی 2012 دەستکرا بەپەخشکردنی بەرنامەکانی ڕادیۆ لە ڕیگەی تەلەفیزیۆنەوە تاوەکو زیاتر خەڵکی بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئاشنابن. پاشان بەرەو بەرنامەی تەلەفیزیۆنی هەنگاونرا.
لە ساڵی 2022 و لە 30 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەرنامەی تەلەڤزیۆنی خۆی زیاد کرد، هەفتەی پێنج ڕۆژ بەرنامەی کورد کۆنێکشن کە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە، پێشکەش دەکات.
جگە لەم بەرنامەیە هەفتانە بەرنامەی چاوی واشنتن پێشکەش دەکات کە بەرنامەیەکە تیایدا تیشک دەخرێتە سەر سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکا. هەروەها دوو بەرنامەی هونەری زایەڵەی داهێنان و حەفت ڕەنگیش هەر یەکە و دوو هەفتە جارێک پێشکەش دەکرێن.
بەشی کوردی بە زاراوەکانی سۆرانی و کرمانجی، بە هەواڵ و چاوپێکەوتن و بابەتی سیاسی و فەرهەنگی و تەندروستی و تەکنۆلۆژیا و کلتور و هونەر، و بەرنامەکانی تەلەڤزیۆنی و چەندین بەرنامەی تری لە بوارەکانی دیکەی ژیان بەردەوامە. تێکرای بەرنامەکانی بەشی کوردی لەسەر دوو ماڵپەڕی سۆرانی وکرمانجی بڵاو دەکاتەوە، و ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی ڕەنگاوڕەنگی پەیامنێرانی هەرێم و ئەمەریکا دەگەیەنێتە بینەرانی.
لە ئێستادا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا 31 کارمەند و 11 پەیامنێری هەیە.