Accessibility links

سوپای سودان ڕازی بوو هاوکاری چۆڵکردنی بیانییەکان بکات لەم دەمەی شەڕ بەردەوامە


دوکەڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتوم بەرز دەبێتەوە
دوکەڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتوم بەرز دەبێتەوە

سوپای سودان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر یارمەتیدانی چۆڵکردنی هاووڵاتییانی بیانی لە کاتێکدا تەقەی پچڕپچڕ و هێرشە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری خەرتوم دەنگیان دایەوە سەرەڕای بەڵێنەکانی لایەنە شەڕکەرەکان بۆ ڕاگرتنی تەقە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دوای هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان کە سەدان کەس کوژراون.

بەیاننامەکە بە پشتبەستن بە عەبدولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی سوپا، دوای بەڵێنەکانی محەمەد حەمدان دەقەڵۆ، سەرۆکی ڕکابەری هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ناسراو بە هێمدتی، هات بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بۆ گواستنەوەی بیانییەکان.
ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە خەرتوم ڕایگەیاند، دەنگەکانی شەڕ لە شەودا بەردەوام بوون بەڵام بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کەمتربوو بە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو. پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵە هەواڵییە ناوچەییەکان بەرزبوونەوەی دوکەڵ و دەنگی تەقینەوەکانیان نیشان دا.

سوپا و هێزی نیمچە سەربازی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە سەرانسەری وڵاتدا ململانێیەکی کوشندە لە دەسەڵاتدا بەڕێوەدەبەن، هەردووکیان بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاندبوو کە لە ڕۆژی هەینیەوە بۆ پشووی جەژنی ڕەمەزان لە ئیسلامدا ئاگربەستی سێ ڕۆژە دەپارێزن.

داڕمانی لەناکاوی سودان بۆ شەڕ، پلانەکانی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی مەدەنی تێکشکاند، وڵاتێکی لە ئێستاوە هەژارەکەی گەیاندە لێواری کارەساتی مرۆیی و هەڕەشەی ململانێیەکی فراوانتری کرد کە دەتوانێت زلهێزەکانی دەرەوە ڕابکێشێت.
تا ئێستا هیچ نیشانەیەک نەبووە کە هیچ کام لە لایەنەکان بتوانن سەرکەوتنێکی خێرا مسۆگەر بکەن یان ئامادەن پاشەکشە بکەن و گفتوگۆ بکەن. سوپای وڵاتەکە هێزی ئاسمانی هەیە بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچە شارییەکان جێگیر بووە لەوانەش لە دەوروبەری دامەزراوە سەرەکییەکان لە ناوەڕاستی خەرتوم.

بورهان و هێمدتی دوو پۆستی سەرەوەی ئەنجوومەنی دەسەڵاتداریان بەدەستەوە بوو کە سەرپەرشتی گواستنەوەی سیاسی دەکرد دوای کودەتایەکی ساڵی 2021 دا کە مەبەست لێی گواستنەوەی وڵاتەکە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ناو سوپا بوو.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە تا ئێستا 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 551 کەسیش برینداربوون.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دامرکاندنەوەی توندوتیژییەکان لەسەر ئاگربەستەکە بووە و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لێکردن ڕێز لە ئاگربەستەکە بگرن.

ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی دیکە هەوڵەکانیان بۆ چۆڵکردنی هاووڵاتییانیان ئامادە کردووە. سوپای سودان ڕایگەیاندووە، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا" دیپلۆماتکاران و هاووڵاتیانی دیکە لە خەرتوم چۆڵ دەکەن.

سعودیە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر کارمەندانی باڵیۆزخانەی سعودیە لەڕێگەی وشکانییەوە بۆ پۆرت سودان چۆڵکرابوون و لەوێوە بە فڕۆکە ڕەوانەی دەرەوە کرابوون و باڵیۆزخانەی ئوردنیش بە شێوەیەکی هاوشێوە کارمەندانی گواستەوە لە سودان.

هێمدتی، سەرۆکیهێزەکانی پشتیوانی خێرا، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێگەیشتووە کە تێیدا "جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ئاگربەستێکی تەواو و دابینکردنی پاراستن بۆ کارمەندانی مرۆیی و پزیشکی کردووەتەوە".

هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕایگەیاندووە، ئامادەیە بەشێکی سەرجەم فڕۆکەخانەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە چۆڵکردنی خەڵک بدرێت. بەڵام فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتووم لە شەڕدا گیرۆدە بووە و دۆخی فڕۆکەخانەکانی دیکە ڕوون نییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG