Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا وەک خۆی بە بەهێزی دەمێنێتەوە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا لە دژی دەستدرێژی ڕووسیا وەک خۆی بە بەهێزی دەمێنێتەوە.

لۆید ئۆستین ڕۆژی هەینی لە سەرەتای کۆبوونەوەیەکدا لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاینی ئەڵمانیا سەبارەت بە هەماهەنگی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سوپای ئۆکرانیا گوتی "ئەم گرووپە لە هەموو کاتێک زیاتر بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئازادی لە ئۆکرانیا یەکگرتوو و جیهانییە."

وەزیرانی بەرگری بەشدار لەو کۆبوونەوەیە کە ئەمریکا میوانداری دەکات، بڕیارە تاوتوێی ناردنی یارمەتی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا بکەن.

ئۆستین لە کۆبوونەوەکەدا گوتی "پوتین پێی وابوو کە دەتوانێت بە ئاسانی حکومەتی کیێڤ کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرابوو بڕوخێنێت. پێی وابوو جیهان ڕێگە بەو کارەی دەدات و دەتوانێت یەکڕیزیمان تێکبدات، بەڵام ئەو هەڵە بوو."

گوتیشی "ئێمە ڕوانگەی ڕەش و تاریکی پوتین بۆ جیهانێک کە تێیدا ستەمکاران بتوانن هێرش بکەنە سەر دراوسێ ئاشتیخوازەکانیان و لە رێگای چەکەوە خۆیان بسەپێنن، ڕەتدەکەینەوە."

کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی پشتیوانی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە کە کیێڤ فشاری خستووەتە سەر ئەو وڵاتانە بۆ دابینکردنی چەکی دوور مەودا، لەوانەش فڕۆکەی شەڕکەر و تەقەمەنی دیکە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی "سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەمریکا 36ەمین هاوکارییە ئەمنییەکانی بۆ ئۆکرانیا بە بڕی 325 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاندوە" و گوتیشی "ئەمەریکا ئێستا زیاتر لە 35 ملیار دۆلار هاوکاری ئەمنی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە لەوەتای لەشکرکێشی ڕووسیا دەستیپێکردووە."

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە سەرەتای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا چەکی زۆریان بۆ کیێڤ دابین کردووە، بەڵام سەرکردایەتی ئۆکرانیا دەیەوێت چەکی بەهێزتری هەبێت.

سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممە بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکی لەشکرکێشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەردانی کیێڤی کرد و ڕایگەیاند کە ناتۆ و وڵاتانی هاوپەیمان لە ماوەی ئەو لەشکرکێشییەدا نزیکەی 150 ملیار یۆرۆ یارمەتی ئۆکرانیایان داوە.

سەرچاوە/ ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG