بەرپرسانی حوسییەکانی یەمەن دەڵێن، ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتی دابەشکردنی هاوکاری خێرخوازی لە یەمەن بەهۆی پاڵەپەستۆوە لانیکەم 85 کەس کوژران و زیاتر لە 300 کەسیش برینداربوون.
ئەمەش دوایین کارەساتە کە بەسەر هەژارترین وڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبیدا بێت، پێش جەژنی ڕەمەزان.
سەدان کەس لەو وڵاتە هەژارەدا لە قوتابخانەیەک لە شاری سەنعای پایتەخت کۆبوونەوە بۆ وەرگرتنی هاوکاری دارایی بڕی 5 هەزار ڕیاڵی یەمەنی کە دەکاتە نزیکەی 8 دۆلار.
کاربەدەستێکی ئاسایشی یەمەنی ڕایگەیاند بەلایەنی کەم " 85 کەس کوژراون و زیاتر لە 322 کەسیش بریندار بوون" بەهۆی پاڵەپەستۆ لە ناوچەی باب ئەلیەمەنی پایتەخت. ئەو کاربەدەستە گوتیشی نزیکەی 50 کەس لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە.
ئەو بەرپرسەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "ژن و منداڵیش لەنێو کوژراوەکاندا بوون". بەرپرسێکی تری تەندروستی ژمارەی ئەو کەسانەی پشتڕاستکردەوە.
وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى حوسییەکان ڕایگەیاندووە، کوژراو و بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان و بەرپرسانى ئەو ڕووداوەش دەستگیرکراون.
سەرچاوە: فرانس پرێس