Accessibility links

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی دەڵێت دەستگیرکردنی لە دهۆک ڕەنگە بۆ ڕێگری لە کردنەوەی ماڵپەڕێکی هەواڵی بووبێت


ئومێد بەڕۆشکی
ئومێد بەڕۆشکی

دوای دەستگیرکردنی لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر، ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەست بەسەر چەند کەلوپەلێکیدا گیروە و دەڵێت شیانی هەیە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی فشار بێت بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی ماڵپەڕێکی هەواڵی.

ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای وت لەم چەند ڕۆژەی دواییدا سەرقاڵی دووبارە کردنەوەی ماڵپەڕێکی هەواڵی بووە و ڕایگەیاند، "هۆکاری دەستگیرکردنەکەم دیار نییە چونکە من هیچم نەگوتووە و نە لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کراوە...هیچ تۆمەتێک نییە بەڵام دەشێت بەهۆی ڕاست میدیا وە بێت."

ڕاست میدیا ماڵپەڕێکی هەواڵی بوو بۆ گواستنەوەی هەواڵ لە دهۆک و ناوچەی بادینان کە ئومێد بەرۆشکی خاوەن ئیمتیازەکەی بوو و خاوەنی نزیکەی 10 کارمەند بوو بەڵام نزیکەی 6 مانگ لەمەوبەر داخرا.

ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەرچەندە ئێمە مۆڵەتی کارکردنمان هەبوو لە لایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەڵام ئێمە خۆمان دامانخست چونکە [ئاسایشی گشتی هەولێر] پێیان وتین، 'ئەگەر وەکو ئێمە کاردەکەن کاربکەن گەرنا ڕێگەتان نادەین.' بۆیەش ئێمە بۆ دروستنەبوونی کێشە خۆمان دامانخست."

ڕۆژنامەنووسەکەی دهۆک ڕایگەیاند کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی تری هاوڕێی بەناوی یاسر ئەبدولڕەحمان بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێر و نیوێک لە ئاسایشی دهۆک "دەستگیرکران" و دوای ئازادکردنیان کەلوپەلەکانیان بۆ نەگەڕێندرایەوە.

ئومێد بەرۆشکی ڕایگەیاند، "ئاسایش هەندێک سوکایەتی کرد...ئێمەیان لە ژورێک دانا کە لەناو ئاسایش بوو."

هەروەها وتیشی، "ئازادکردنەکەمان بە کەفالەت نەبوو. ئێمەیان بردە ئەوێ بەبێ لێکۆڵینەوە و دواتر گوتیان، 'بڕۆنەوە چونکە هیچ شتێک نەبووە.' هیچ بەڵێننامەیەکیان پێ پڕنەکردینەوە تەنها شتەکانی ئێمەیان لا مایەوە کە بریتیبوون لە 3 کۆمپیوتەر و لاپتۆپێک و کامێرایەک."

لای خۆیەوە ڕەمەزان ئەرتەشی پارێزەری ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی هێزەکانی ئاسایشی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستگیرکردنەکەیان پێشێلکاری یاسا بووە.

ڕەمەزان ئەرتەشی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وا دیارە، ئەمڕۆ بەم شێوەیە چونەتە ماڵی کاک ئومێد بەرۆشکی ڕۆژنامەوان و دەستیانگرتووە بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانی. دەبوایە بڕیاری دادگای بۆ دەرچووبایە و موختاری گەڕەکی لێ ئاگادارکرابایەوە و بەم شێوەیە چوبانە ماڵەکەی. ئاسا بەگشتی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەنادات بەم شێوەیە کەسێک دەستگیر بکرێت."

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ئاسایشی دهۆک بێ ئەنجام بوون.

ڕاپۆرتی کاوە عومەر

XS
SM
MD
LG