وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە شاری هانۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڤێتنام کۆبوویەوە و ئەمەش یەکەم سەردانی ئەنتۆنی بڵینکنە بۆ ڤێتنام دوای ئەوەی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەڵبژێردراوە.
سەردانەکەی بڵینکن بۆ ڤێتنام، بەشێکە لە هەڵمەتی بەڕێوبەرایەتی بایدن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە پەرەسەندووەکانی چین لە ناوچەکەدا.
ئەمەریکا خەریکی دروستکردنی باڵوێزخانەیە بە بڕی 1.2 ملیار دۆلار لە شاری هانۆی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ نیشاندانی پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
شایانی باسە کە ڤێتنام هاوسەنگییەکی ڕاگرتوە کە دەیهەوێت بیپارێزێت، نە دەیهەوێت دژایەتی دراوسێ بەهێزەکەی بکات کە چینە و لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بەهێزتر دەکات.
سەردانەکەی بڵینکن بۆ ڤێتنام دوای دوو هەفتە لە یادی 50 ساڵەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڤێتنام دێت کە کۆتایی بە جەنگی ڤێتنام هێنا.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا