Accessibility links

ڕووسیا ڕاهێنانی سەربازی لە زەریای هێمن دەستپێدەکات


وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە چوارچێوەی پشکنینێکی لەناکاوی کەشتییە جەنگییەکانی لە زەریای هێمن، هەڵدانی مووشەک و مانۆڕیکی سەربازی ئەنجام دەدات.

سرگی شۆیگو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم مانۆڕە بە مەبەستی زیادکردنی توانای هێزە چەکدارەکانییەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێرشی دوژمنان لە زەریا و دەریاوە ئەنجام دەدرێت.

وەزیری بەرگری ڕووسیا لە سەردانێکی لەناکاودا بۆ کەشتی جەنگی زەریای هێمن ڕاگەیاند و گوتی "مانۆڕێکی سەربازی لە دوورگەکانی باشووری کوریل و دوورگەی سەخالین بەڕێوەدەچێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانمان بەرامبەر بەو دوژمنەی کە بیهەوێت هێزەکانی لە کەناراوەکانمان بڵاوە پێبکات."

دورگەی کوریل و ساخالین دەکەوێتە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا و باکوری ژاپۆن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش شارەزایان پێشبینی دەکەن کە ژاپۆن ئەو ڕاهێنانە سەربازییەی ڕووسیا لە زەریای هێمن بە دوژمنکارانە لەقەڵەم بدات.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکان، هەر جۆرە پەیوەندییەکی ئەو ڕاهێنانەی بە گرژییە ناوچەییەکانەوە ڕەتکردەوە.

پێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەمە ڕاهێنانێکی باو و ئاساییە، لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام ئەنجامدراوە و بەردەوامیش دەبێت و تەنها پەیوەندی بە پاراستنی ئاستی پێویستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانمانەوە هەیە."

لە چالاکییە سەربازییەکانی دیکەی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، هێزی دەریایی ڕووسیا لە 28ی مانگی 3دا مووشەکی دژە کەشتیی سەروو دەنگی ئاراستەی ئامانجێکی ساختە لە دەریای ژاپۆن کرد.

هەروەها دوو فڕۆکەی جەنگی ستراتیژی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت کاتژمێر لە مانگی 3دا بەسەر دەریای ژاپۆندا فڕین، ئەمەش لەو کاتەی فومیۆ کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن سەردانێکی بۆ ئۆکرانیا دەستپێکردبوو بۆ نیشاندانی هاوسۆزی خۆی لەگەڵ کیێڤ لە شەڕەکەی لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG