Accessibility links

سعودیە کۆمەڵێک لە چەکدارە حوسییەکان ئازاد دەکات


دانوستانکاری باڵای بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن وتی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ سعودیە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و گفتوگۆی زیاتر بۆ ئاسانکردنی ناکۆکییەکانی ماوەتەوە ئەنجام دەدرێن.

محەممەد عەلی ئەلحوسی ڕێبەری سیاسی حوسییەکان، کەشوهەوای دانوستانەکانی نێوان ڕیاز و سەنعای بە "ئەرێنی" ناو بردوە و ڕایگەیاندوە کە "پلان هەیە بۆ ئەنجامدانی خولی داهاتووی دانوستانەکان."

لە میانەی دانوستانەکانی ئاشتی، نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بە کاتی یەمەن، کۆمەڵێک لە چەکدارە حوسییەکان لەلایەن سعودیە ئازاد کران.

لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ڕایگەیاند ئازادکردن و ئاڵوگۆڕی نزیکەی 900 دەستگیرکراو لەلایەن هەردوولا لە ململانێی یەمەن، ڕۆژی هەینی دەستیپێکردوە و ئەمەش ڕێوشوێنێکی بەرچاوە بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان دانوستانەکانی ئاشتی نێوان شاندەکەی سعودیە و دەستەی حوسییەکان.

دوای هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودیە، یەمەن و چەکدارە حوسییەکان کە لە لایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کەوتنەتە دانوستان لەگەڵ سعودییەکان.

دوای شەش ڕۆژ لە دانوستان، شاندی سعودیە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ ئاگربەست و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا وەک هەنگاوی یەکەم 125 چەکداری حوسی بە فڕۆکە لە عەدەنەوە ڕەوانەی فڕۆکەخانەی سەنعا کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، کراون. بڕیارە لە سێ ڕۆژی داهاتوودا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت.

ململانێی یەمەن کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و برسیبوونی ملیۆنان خەڵکی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک شەڕێکی بە وەکالەت لە نێوان سعودیە و ئێران سەیر دەکرێت.

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە سەدان هەزار کەس لە شەڕی یەمەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کوژراون و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی یەمەن کە 30 ملیۆن کەس دەبن، تا ئێستاش پشت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.

حوسییەکان لە مانگی 9ی ساڵی 2014 بە شکستپێهێنانی حکومەتی یەمەن دەستیان بەسەر شاری سەنعادا گرت و لە مانگی 3ی ساڵی دواتریش سعودیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان هێرشی کردە سەر ئەو شارە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG