Accessibility links

ئەو کەسەی کە بەرپرسبوو لە دزەپێکردنی زانیاری نهێنی هەواڵگری ئەمەریکا دەستگیرکرا


جاک دۆگلاس تێشێرا
جاک دۆگلاس تێشێرا


دەزگای لێکۆلینەوەی فیدڕالی ئەمەریکا FBI ڕۆژی پێنجشەممە جاک دۆگلاس تێشێرا، تەمەن 21 ساڵی ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی ئاسمانی ئەمەریکایان دەستگیرکرد، بەهۆی دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر تؤڕە کۆمەڵایەتییەکان کە واشنتۆنی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا شەرمەزارکرد.
دەستگیرکردنەکە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە بۆ یەکەمجار بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووە، ئەمەش واشنتۆنی خستە مەترسییەوە سەبارەت بەو زیانانەی کە ڕەنگە لێیان کەوتبێتەوە. هەروەها ئەمەریکای شەرمەزار کرد بە ئاشکراکردنی سیخوڕیکردنی بەسەر هاوپەیمانەکانی و خاڵە لاوازییە سەربازییەکانی ئۆکرانیای خستەڕوو.

دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە سایتەکانی سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، پێدەچێت جددیترین پێشێلکاری ئەمنی بێت لە دوای دەرکەوتنی زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامە و ڤیدیۆ و کێبڵی دیپلۆماسی لە ماڵپەڕی ویکیلیکس لە ساڵی 2010دا.


تێشێرا کارمەندێکی پلە یەک بووە لە بنکەی پاسەوانی نیشتمانی ئۆتیس لە ویلایەتی ماساشوستس، بەپێی تۆماری خزمەتگوزارییەکەی. لە ساڵی 2019 پەیوەندی بە پاسەوانی نیشتمانی ئاسمانییەوە کردووە و وەک "کارمەندێکی سیستەمی گواستنەوەی ئەلیکترۆنی"، یان پسپۆڕی ئایتی کاری کردووە.

FBI ڕایگەیاندووە، کارمەندەکانی "چالاکی ڕێگەپێدراو بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە شوێنێکی نیشتەجێبوون لە نۆرس دایتۆن لە ویلایەتی ماساشوستس"بۆ دەستگیرکردنی تێکسێرا ئەنجامداوە.

لە بەیاننامەیەکی کورتی تەلەفزیۆنیدا، مێریک گارلاند، داواکاری گشتی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، تێشێرا دەستگیرکراوە "لە پەیوەندی لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە لابردن و گواستنەوەی زانیاری نهێنی بەرگری نیشتمانی بەبێ مۆڵەت".

گارلاند وتی: ئەم لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە کاتی گونجاودا زانیاری زیاتر هاوبەش دەکەین.

تا ئێستا بەڵگەنامەکانی تاوانبارکردن تۆمار نەکراون بەڵام بەیاننامەکەی گارلاند پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەتوانرێت تێکسێرا بەپێی یاسای سیخوڕی تۆمەتبار بکرێت.

وەزارەتی داد ئەو یاسایەی ساڵی 1917ی بەکارهێناوە کە لابردن و ڕاگرتن و گواستنەوەی "زانیاری بەرگری نیشتمانی" بۆ کەسانی بێ مۆڵەت بە تاوان دەزانێت، بۆ دادگاییکردنی دزەپێکەرانی بەڵگەنامەکانی حکومەت.

وەزارەتی داد هەفتەی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی تاوانکاریی کردەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دزەپێکردنەکەی بە "کردەوەیەکی بە ئەنقەست و تاوانکاری" ناوبرد.

ژمارەیەک وڵات پرسیاریان لە ڕاستی هەندێک لەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانە کردووە، لەوانە بەریتانیا کە ڕایگەیاندووە "ئاستێکی جددی لە نادروستی" لە زانیارییەکاندا هەیە.

بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەو بەڵگەنامانەی کە گوایە لەلایەن تێشێرا دزەیان پێکراوە، زانیاری زۆر هەستیاریان لەخۆگرتووە سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و دەستڕاگەیشتنی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بۆ ناو فەرماندەیی سەربازیی ڕووسیادا.

بەپێی سەرچاوەیەکی جێبەجێکردنی یاسا، تێشێرا یەکەم جار لە ڕۆژی هەینی لە دادگای فیدراڵی لە شاری بۆستن ئامادە دەبێت.

FBI دەڵێت دەستگیرکردنی تێشێرا"نموونەی پابەندبوونی بەردەوامی ئێمەیە بۆ دەستنیشانکردن و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە خیانەت لە متمانەی وڵاتەکەمان دەکەن و ئاسایشی نیشتمانیمان دەخەنە مەترسییەوە".

دەستگیرکردنەکە لە کاتێکدایە کە تێشێرا وەک تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەکەدا دەرکەوت و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکاش ناوبراویان وەک سەرۆکی گروپێکی چاتی ئۆنلاین بۆ یاریزانە گەنجەکان ناساند کە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی تێدا بڵاوکرابووەوە.

جاک تێشێرا گرووپێکی تایبەتی لەگەڵ 12 هاوڕێی نزیکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دیسکۆرد لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتاکانی 2020، دروستکردبوو، بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی لەوێ بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تائێستا هۆکاری بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان نازانرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG