Accessibility links

بایدن پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەوانەوە دەکات کە لە ڕووسیا دەستگیرکراوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، سەرۆک بایدن قسەی کردووە لەگەڵ باوانی ئیڤان گێرشکۆڤیچ، ڕۆژنامەوانەکەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ.

ئیڤان، بنکەی لە مۆسکۆ بوو و هەر لەوێش دەستگیرکراوە و بە سیخوڕایەتی کردن گوناهبار کراوە.

ئەو پەیوەندییە تەلەفونییەی سەرۆک بایدن لەگەڵ باوانی ڕۆژنامەوانەکەدا بەر لە سەردانەکەی بووە بۆ ئێرلەندای باکور و ئێرلەندا، هەروەها یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی فەرمیانەی بەڕێوبەرایەتی بووە بۆ دەستگیرکردنی ئیڤان و دەشڵێت "بە ناهەق دەستگیرکراوە."

ئەم جۆرە پۆلێنکردن و ناودێرکردنەی دۆسێکەی گێرشکۆڤیچ، بەو مانایەیە کە ئۆفیسێکی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پێشەنگی هەوڵەکاندا دەبێت بۆ ئازادکردنی.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێشتر لەگەڵ سێرگیێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیادا لەسەر ئەم دۆسێیە قسەی کردووە.

بلینکن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت "جەختم کردەوە لەوەی دەبێت دەستبەجێ ڕێگەبدرێت کونسوڵی ئەمەریکا سەردانی ئیڤان بکات، بەڵام کە ڕوسیا ناهێڵێت، ئەوە یانی مۆسکۆ جارێکی تریش وابەستە نێونەتەوەییەکانی خۆیی پێشێلکردووە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "ئەو وابەستەییانە دەبنە دڵی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان وڵاتان و هەروەهاش تا هاووڵاتیانمان بتوانن بە پارێزراوی سەردانی وڵاتانی تر بکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "لەوبڕوایەدام ئەو جۆرە ڕەفتارانەی ڕوسیا ناردنی پەیامێکی ڕون و ئاشکرایە بۆ گەلانی سەرانسەری جیهان و ئاگاداریان دەکاتەوە ئەگەر قاچ بخرێتە ئەو وڵاتەوە ئەوا بە هەڕەمەکی دەستگیردەکرێیت و ڕێگەش نادرێت دیپلۆماتانی وڵاتەکەت بتبینن."

XS
SM
MD
LG