Accessibility links

سەرچاوەکان: ڕووسیا بە ڕێگای شەمەندەفەر سوتەمەنی بۆ ئێران دەگوازێتەوە


بەپێی سێ سەرچاوەی پیشەسازی و داتاکانی هەناردەکردن، ڕووسیا ئەمساڵ بۆ یەکەمجار هەناردەکردنی سووتەمەنی بۆ ئێران لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی کڕیارە نەریتییەکان خۆیان لە بازرگانیکردن لەگەڵ مۆسکۆ بەدوور گرتووە.

ڕووسیا و ئێران کە هەردووکیان لە ژێر گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادان، پەیوەندییەکی نزیکتریان دروستکردووە بۆ ئەوەی پشتگیری لە ئابوورییەکانیان بکەن و سزاکانی ڕۆژئاوا بنکۆڵبکەن کە هەردوو مۆسکۆ و تاران بە ناڕەوایان دەزانن.

سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر پیشەسازی نەوتی ڕووسیا لەسەر هێرشە داگیرکارییەکەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لەشکری" ناودێری دەکات، بازاڕەکانی سووتەمەنی جیهانی گۆڕیوە و تانکەرەکان ڕێگای درێژتریان گرتووەتەبەر و دابینکەرانیش شوێن و ڕێگەی گواستنەوەی نامۆیان هەڵبژاردووە.

ئێران ساڵانێکە لەژێر سزاکانی ڕۆژئاوادایە و دەستڕاگەیشتنی بە بازاڕە جیهانییەکان سنووردارە.

وەزارەتەکانی نەوتی ڕووسیا و ئێران وەڵامی داواکارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرزیان نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەم بارەیەوە.

سەرچاوەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایانگەیاند، پاییزی ڕابردوو ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا دەستپێکردنی دابینکردنی گۆڕینەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، بەڵام ناردنەکە لەمساڵەوە دەستیپێکردووە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە داتاکانی هەناردەکردن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە مانگی دوو و سێدا ڕووسیا تا 30 هەزار تەن بەنزین و گازۆیلی بۆ ئێران دابینکردووە.

سەرچاوەی سێهەم بازرگانییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە بەڵام نەیتوانیوە قەبارەکان پشتڕاست بکاتەوە.

هەموو بارەکان بە شەمەندەفەر لە ڕێگای کازاخستن و تورکمانستانەوە ڕەوانە کراوە.

یەکێک لەو سەرچاوانە ئاشکرای کرد کە بەشێک لە بارەکانی بەنزین بە بارهەڵگر لە ئێرانەوە ڕەوانەی دەوڵەتانی دراوسێ لەواندا عێراق کراوە.

Save

بازرگانێک لە بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکانی ئاسیای ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئێران وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوتە و پاڵاوگەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لەم دواییانەدا بەکارهێنانەکەی لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ناوخۆیی زیاتر بوو، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باکووری وڵاتەکەی.

دوو بازرگانى ئاگادار لەو بابەتە دەڵێن، ڕوسیا لە ڕێگەى تانکەرەوە لە ڕێگەى دەریاى خەزەرەوە قەبارەیەکى کەم سووتەمەنی بۆ ئێران دابینکردبوو، هەروەک چۆن لە ساڵى 2018دا ڕوویدا.

کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا لە ئێستادا ئارەزووی هەناردەکردنی گازۆلین و بەنزین بۆ ئێران دەکەن لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە، چونکە هەناردەکردن لە ڕێگەی دەریاوە ڕووبەڕووی ڕێژەیەکی بەرزی نرخی گواستنەوەی بار دەبنەوە کە لەلایەن وڵاتانی گروپی حەوتەوە سەپێندراوە.

هەرچەندە سەرچاوەکان دەڵێن هەناردەکردنی بارەکان بە ڕێگای شەمەندەفەریش بێ گرفت نییە و ڕووبەڕووی تەند و چەڵەمەی زۆر دەبێتەوە.

یەکێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئێران وتی "پێشبینی دەکەین ئەمساڵ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئێران بەرزبێتەوە، بەڵام لە ئێستاوە چەند کێشەیەک لە بواری لۆجستیکیدا دەبینین بەهۆی قەرەباڵغی هێڵی ئاسنین. ئەوە ڕەنگە بەربەستبێت بۆ گەشەکردن لە هەناردە کردنەکاندا".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG