Accessibility links

ئیسرائیل گرێبەستێکی 400 ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتنی مووشەکی دژە تانکی بە یۆنان واژۆ دەکات


وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار واژۆکرد بۆ فرۆشتنی مووشەکی دژە تانکی سپایک بە یۆنان، تەنها چەند ڕۆژێک دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوشێوە بۆ دابینکردنی بەرگری ئاسمانی بۆ فینلاند کە تازە بووە بە ئەندامی ناتۆ.

سپایک مووشەکێکی دژە تانکی ڕێنمایی کراوە کە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ بەکاردەهێنرێت و لەلایەن کۆمپانیای ڕافایل بەڵێندەری بەرگری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بەرهەم هێنراوە.

یۆاڤ هار ئیڤن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕافایل ڕایگەیاند "مووشەکەکانی سپایک پۆرتفۆلیۆی ئامرازەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای یۆنان بەهێزتر دەکەن و پێشبینی دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕێگەی هاوکارییە ستراتیژییەکانەوە فراوانتر بکرێت."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە بەهێزتر دەکات.

هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل وکۆمپانیای ڕافایل ڕایانگەیاند، سیستەمی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی دەیڤدز سلینگ بۆ فینلاند دابین دەکەن، دوای ئەوەی لە 4ی مانگی چواردا بە فەرمی بوو بە نوێترین ئەندامی ناتۆ.

فینلاند ئەو سیستەمە بەرگرییە وەردەگرێت کە بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکی بالیستیک و کروز داڕێژراوە ،کە بەهاکەی بە بڕی 345 ملیۆن دۆلار دەخەمڵینرێت، بەڵام هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی ئەمەریکا هەیە کە بەشدارە لە پەرەپێدانی سیستەمەکە.

سەرچاوە: ڕۆیتەر

XS
SM
MD
LG