Accessibility links

گوێی بچووک و قژی چرچ و لۆچ و مۆمی وشکی گوێ - جیناتی مامۆس


گەورەترین هەڵسەنگاندنی بۆماوەیی تا ئێستا بۆ مامۆسی موودار، تێڕوانینێکی نوێی بۆ ئەم ئامۆزای فیلە بەدەستهێناوە کە هێمایەکی سەردەمی سەهۆڵبەندانە، لەنێویاندا قژی نەرمی، گوێچکە بچووکەکانی، بەرگەگرتنی بۆ سەرما، هەڵگرتنی چەوری و تەنانەت مۆمی گوێی وشک.

توێژەران ڕایانگەیاند کە جینۆمی 23 مامۆسی مووداریان شیکردووەتەوە - لەنێویاندا 16 مامۆس کە تازە ڕێزبەندییان لەسەر کراوە - لەسەر بنەمای پاشماوەی پارێزراو لە بەستەڵەکی سیبیریا. پاشان بەراوردیان کردوە بە جینۆمی 28 لە فیلەکانی ئەمسەردەمەی ئاسیا و ئەفریقا.

دەیڤید دیز دێل مۆلینۆ، زانای بۆماوەیی پەرەسەندن لە ناوەندی جیناتی کۆن لە ستۆکهۆڵم نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەی لە گۆڤاری Current Biology بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "ئامانجەکە دۆزینەوەی ئەو گۆڕانکاریانە بوو کە لە هەموو مامۆسەکاندا هەن بەڵام لە هیچ کام لە فیلەکاندا نین - واتە ئەو گونجاندنە بۆماوەییانەی کە تایبەتن بە مامۆسە موودارەکان".

دیز دێل مۆلینۆ زیاتر ووتی:"بۆمان دەردەکەوێت کە مامۆسە موودارەکان گونجانی گەردیلەییان هەبووە لە جینەکانی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی ژینگە ساردەکانی جەمسەری باکوور، وەکو کەوڵی ئەستوور، هەڵگرتن و هەرسکردنی چەوری، و هەستکردن بە گەرمی".

جینۆمەکان بریتی بوون لە مامۆسێکی 700 هەزار ساڵ لەمەوبەر - نزیک لە کاتی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە لەسەر سەرانسەری سیبیریا - و ئەوانی دیکە کە دواتر لە مێژووی خۆیاندا ژیاون، بەم شێوەیە نیشانی دەدات کە چۆن گونجانی بۆماوەیی پەرەی سەندووە.

ئەم جۆرە لە سەردەمێکدا سەریهەڵداوە کە کەشوهەوای زەوی سارد بووەتەوە، بەشێکی باکووری ئۆراسیا و ئەمریکای باکوور نیشتەجێ بووە. زۆربەی مامۆسەکان نزیکەی 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچوون لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا لە کۆتاییەکانی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان، زاناکان مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا ڕاوکردنی مرۆڤ ڕۆڵی هەبووە یان نا. دواهەمینیان 4000 ساڵ لەمەوبەر لە دوورگەی ڕانگێل لە کەنارەکانی سیبیریا مردوون.

یەکەم جینۆمی تەواوەتی مامۆس لە ساڵی 2015 ڕێکخرا، دوای ساڵی 2008دا بەشەکی جینۆمی ئامادەبوو .

توێژینەوە نوێیەکە دەریخستووە کە 92%ی گۆڕانکارییە ناوازەکان پێشتر لە سەرەتای جۆرەکەدا بوونیان هەبووە، لەگەڵ پەرەسەندنی بەردەوام لەسەر هەندێک تایبەتمەندی. بۆ نموونە، مامۆسەکان بە تێپەڕبوونی کات پێستیان هەمیشە پڕ لە پەڵە و گوێچکەیان بچووکتر بووە.

لۆڤ دالێن، پسپۆڕی جیناتی پەرەسەندنی ناوەندی جیناتی کۆن و نووسەری باڵای توێژینەوەکە دەڵێت "ڕەنگە مامۆسە موودارەکانی پێش 700 هەزار ساڵ گوێچکەی گەورەتر بووبێت لە مامۆسەکانی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان".

یەکێک لە جینەکانی زۆر پەرەسەندوو ئەو جینەبوو کە کاتێک لە مشکی تاقیگەدا "دەوەستێنرێت" دەبێتە هۆی گوێچکەیەکی بچووکی نائاسایی. مامۆسە مووداەرکان قەبارەیان نزیکەی فیلەکانی ئەفریقای مۆدێرن بوو، باڵایان نزیکەی4 مەتر بوو، بەڵام گوێچکەکانیان زۆر بچووکتر بوو بۆ ئەوەی خۆیان لە لەدەستدانی گەرمی جەستەیان بپارێزن لە گوێچکەیەکی گەورەترەوە.

چەندین جین کە جۆری پیست و گەشەکردنیان تێدایە جیاواز بوون لە فیلەکانی مۆدێرن. یەکێک لەوانە لە مرۆڤدا پەیوەندی بە قژەوە هەیە کە داناهێنرێت، کە حاڵەتێکە بە قژی وشک و چرچ و لۆچ دەناسرێتەوە کە ناتوانرێت بە ڕێکی شانە بکرێت. لە مامۆسەکاندا، قژی پڕ لە پەڵە، هەروەها چەورییەکانیش، یارمەتیدەر بوون لە دابینکردنی دابڕان لە سەرماد.

مامۆسەکان گۆڕانکارییەکیان لە جینێکدا هەبووە کە لە مرۆڤەکاندا پەیوەندی بە هەبوونی وشکیی مۆمی گوێچکەوە هەیە، هەرچەندە ڕوون نییە کە ئەمە چ جۆرە سوودێکی پێبەخشیون. هەمان گۆڕانکاری پەیوەندی بە کەمبوونەوەی بۆنی جەستە لە ژێر باڵدا لە مرۆڤدا هەیە، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە بەو مانایە نەبێت کە مامۆسەکان بۆنێکی ناسکیان هەبووە.

دالێن وتی زۆر گومانم هەیە مامۆسەکان ئارەقەیان کردبێرت لە بنباڵیانەوە، پێموایە ئەمە شتێکی زۆر تایبەتە بە مرۆڤەوە. شیردەرەکانی دیکە پلەی گەرمی لەشیان بە شێوازی دیکە ڕێکدەخەن. بۆیە زۆر ڕوون نییە کە ئایا مامۆسەکان بەهۆی ئەم گۆڕانکاریەی جینەوە بۆنێکی جیاوازیان هەبووبێت”.

توێژینەوەکە یارمەتی ڕوونکردنەوەی گۆڕاوەکانی ڕەنگی قژی مامۆسی داوە - قاوەیی لەگەڵ کەمێک سوور. گۆڕانکاری لە جینێکی پەیوەندیدار بە سیستەمی بەرگریدا ئاماژەیە بەوە کە جۆرەکان لە شوێنێکدا خۆیان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هۆکاری نەخۆشی نوێدا گونجاندووە.

لە کاتێکدا توێژەران بەشدار نین لە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی مامۆسەکە لە ڕێگەی کۆپیکردنەوە، بەڵام کارەکانیان دەتوانێت یارمەتی هەر هەوڵێکی لەو جۆرە بدات.

دالێن دەڵێت "ئەو گرووپە داتایە کە دەیخەینەڕوو دەتوانرێت وەک یەکەم توخم لە نەخشە ڕێگایەک بێت بەرەو زیندووبوونەوەی سەیر بکرێت، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕێگای داهاتوو درێژە، پێدەچێت پڕ بێت لە کەلێن و لە خراپترین سیناریۆدا بەرەو هیچ شوێنێک ناڕوات".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG