هاوکات لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان کە رۆژی هەینی بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتی ئەوروپایی و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەش لە ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە داوای لە سوپا و پۆلیس کرد بۆ بەکارهێنانی هەموو هێزە یەدەگەکانیان.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە داواکەی نەتانیاهۆ بۆ بەکارهێنانی سوپا و هەموو هێزە یەدەگەکانی پولیس بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی ئاسایش لە شەڕی دژی تیرۆر بۆ فەرماندەکانی سوپا و پۆلیس نێردراوە.
ئەم فەرمانەی بنیامین ناتانیاهۆ دوای هێرشێکی ڕۆژی هەینی دەرچووە کە تێیدا دوو خوشکی بەریتانی-ئیسڕائیلی کە تەمەنیان 16 و 20 ساڵ بووە کۆژران و دایکی تەمەن 48 ساڵانیشیان بە سەختی بریندار بوو.
دوای چەند کاتژمێرێک و ئێوارەی ڕۆژی هەینیش دووبارە گەشتیارێکی ئیتاڵی لە تەلئەبیب کوژرا و هەشت گەشتیارێکی دیکەی ئیتاڵی و بەریتانیا برینداربوون.
ئەو وێنانەی لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە ئەوە پیشان دەدات کە شۆفێری ئۆتۆمبێلێک لە کەناری تەلئەبیب کۆمەڵێک کەس دەکاتە ژێرەوە و بەسەریاندا دەڕوات.
ئەلێکساندرۆ پارینی، پارێزەرێکی ئیتاڵی تەمەن 35 ساڵ کە بۆ گەشت و گوزار چووبووە ئیسرائیل، لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا و گەشتیارانی دیکەش برینداربوون.
هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل کە چەند ساتێک دواتر گەیشتنە ئەوێ، شۆفێرەکەیان کوشت.
سەرەڕای هەندێک گومانی سەرەتایی کە ئایا ئەو ئۆتۆمبێلەی بەسەر گەشتیارەکاندا ڕۆیشتوە، پاڵنەرێکی تیرۆریستی لە پشتەوە بووە یان تەنها ڕووداوێک بووە، بەڵام پۆلیسی ئیسرائیل ڕاگەیاندوە کە ئەو ڕووداوە کردەوەیەکی تێکدەرانە بووە و ئەنجامدەرەکەشی پیاوێکی عەرەبی فەلەستینی تەمەن 45 ساڵ بووە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیش بووە.
ئەو ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ئامانجەکانیان لە غەززە بۆردومان کرد لە کاردانەوە بە دەیان موشەک کە لەو مەودایە بەرەو شارەکانی باشووری ئیسرائیل هەڵدراون.
هەروەها ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرشی کردە سەر ناوچەی دەوروبەری بەندەری سوور لە لوبنان بەمەبەستی وەڵامدانەوەی 34 موشەک کە ڕۆژێک پێشتر لەو وڵاتەوە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرابوون.
سیاسەتمەدارانی پارتی دەسەڵاتداری ئیسرائیل ڕایانگەیاند ئێران و حزبوڵڵای لوبنان لە پشت هێرشە موشەکییەکانەوە بوون.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی میدیای ئیسرائیلی و ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکایی ڕۆژی هەینی نووسیویانە وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشە موشەکییەکان لە لوبنانەوە سنووردار بووە، چونکە بنیامین ناتانیاهۆ بە پەیڕەوکردنی ئامۆژگاریی بەرپرسانی هەواڵگری و سەربازی، خۆی لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور گرتووە کە ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی زۆرتری نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان.
سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا بە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی شەوی هەینی لە تەلئەبیب، هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی کە ئاسایشی گەلەکەی لەژێر هەڕەشەدایە.
هەروەها باڵوێزی ئەمەریکا و بەریتانیا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیسرائیلیان کرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و بیانییەکان. یەکێتی ئەوروپا سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەو ڕووداوانە، داوای لە لایەنەکان کرد سەبر بگرن.
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، هێزە یەدەگەکانی سوپا و پۆلیس کە بە فەرمانی بنیامین ناتانیاهۆ بانگکراون، بە شێوەیەکی سەرەکی لەو شارانە جێگیرن کە زۆربەی هێزەکانیان لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە لە قودس جێگیر بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرژییەکان سەبارەت بە مزگەوتی ئەلئەقسا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
نەتانیاهۆ داوای بەکارهێنانی هێزی زیاتری سوپا و پولیس دەکات بۆ بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی
