Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باس لە مەرجەکانی دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی هەینی 7ی ئەم مانگە لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، مەرجەکانی ئەگەری دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا بەرزکردەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو هاوتا تورکەکەی لە ئەنکەرە، ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی ئاشتی تەنها لە چوارچێوەی "نەزمێکی نوێی جیهانی بەبێ هەژموونی ئەمەریکا" مومکینە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی لەوە کردەوە کە لە دانوستانەکاندا پێویستە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لەبەرچاو بگیرێن.

ڕۆژی پێشتریش سەرکردەکانی فەرەنسا و چین جەختیان لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا کردەوە و ماکرۆن داوای لە شی جینپینگ کرد کە کاریگەری خۆی لەسەر ڕووسیا بەو مەبەستە بەکاربهێنێت.

هەروەها مەولود چاوشئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ لاڤرۆڤ، نیگەرانی خۆی لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ لە ئۆکرانیا لە بەهاردا دەربڕی.

بڕیارە ئەمرۆ سێرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش کۆببێتەوە و لە نێوان شتەکانی تردا باس لە ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بکەن.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کرد و گوتی "ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک لە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی پەین و دانەوێڵەی ڕووسیا نەکرێت، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ڕێککەوتنە پێویستە یان نا؟"

ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە ڕێگە بە ڕووسیا دەدات سەرەڕای سزاکان، پەین و خۆراک هەناردە بکات. مۆسکۆ چەندین جار گلەیی لە پابەندنەبوون بەم ڕێککەوتنەوە کردووە.

لە مانگی 3ی ئەمساڵدا ڕووسیا لەبری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 120 رۆژ کە پێشتر دیاری کرابوو، تەنها بە ماوەی 60 ڕۆژ ڕازیبوو درێژبکرێتەوە. ئەو ڕێککەوتنە هاوینی ڕابردوو بە نێوەندگیری تورکیە و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا.

سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز/ ئەلجەزیرە

XS
SM
MD
LG