Accessibility links

ئازەربایجان چوار ئەندامی باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتەکەی دەردەکات


حکومەتی ئازەربایجان چوار ئەندامی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە وڵاتەکەیدا دەرکرد و تارانی بە هەوڵی کودەتا دژ بە حکومەتەکەی تۆمەتبار کرد.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ،وڵاتەکە سەید عەباس موسەوی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت کردوە و لە ناڕەزایەتییەکانی باکو سەبارەت بە "کردەوە تێکدەرەکانی ئەم دواییەی ئێران" ئاگاداری کردووەتەوە.

وەزارەتەکە ڕایشیگەیاندووە باڵیۆزی ئێران ئاگادار کراوەتەوە لەوەی چوار کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆ بە هۆی ئەوەی لە چالاکییەکانیاندا پێوەرە دیپلۆماسییەکانیان لە چوارچێوەی جاڕنامەی ساڵی 1961ی ڤییەننا ڕچاو نەکردوە، لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەبێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

ئەم هەنگاوەی ئازەربایجان چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە ڕوویدا کە باکو ڕایگەیاند گروپێکی شەش کەسی دەستبەسەر کردووە کە هەوڵی "کودەتا و ڕووخاندنی" حکومەتی وڵاتەکەیانی داوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبێرگ و فرانس پرێس، بەیاننامەی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی و ڕێکخراوی ئاسایشی دەوڵەتی ئازەربایجان ئاماژە بەوە دەکات ئەندامانی گرووپێک کە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە دامەزراون، هەوڵیانداوە بۆ ناسەقامگیرکردنی حکومەتی کۆماری ئازەربایجان.

بە پێی ئەو بەیاننامەیە، ئەرکی ئەو گرووپە دامەزراندنی دەسەڵاتی ئایینی بووە لە کۆماری ئازەربایجان لە ڕێگای دروستکردنی پشێوی و نائارامی بە چالاکی چەکداری و پەنابردن بۆ توندوتیژی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، گروپەکە داهاتی خۆیان بە ڕێگای مامەڵەکردن بە "ماددە هۆشبەرەکان" بەدەستهێناوە، بەڵام وردەکارییەکانی سەبارەت بە بانگەشەکان لەبارەی پەیوەندی ئەو گرووپەوە لەگەڵ ئێران نەخستووەتە ڕوو.

لە چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان ئاڵۆز بوو، بەڵام لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە کاتێک چەکدارێکی ئێرانی چووە ناو باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران و سەرۆکی تیمی ئەمنی باڵوێزخانەکەی کوشت، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆزتر بووە و ئازەربایجان بە شێوەیەکی کاریگەر باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران داخست، هەرچەندە کونسوڵخانەکەی لە شاری تەورێز کاردەکات.

XS
SM
MD
LG