Accessibility links

فینلاند بە فەرمی دەبێت بە ئەندامی ناتۆ


فینلاند بە فەرمی بوو بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ ئەمەش گۆڕانکارییەکی مێژوویی سیاسییە کە بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هاتە ئاراوە.

پەیوەستبوونی فینلاند بە ناتۆ سنوری نێوان ناتۆ و ڕووسیا نزیکەی دوو هێند زیاد دەکات و سنوری ڕۆژهەڵاتی بەهێزتر دەکات لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا بەردەوامە و هیچ ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتن لە ئارادا نییە.

وەزیری دەرەوەی فینلاند، پێکا هاڤیستۆ، پرۆسەی وابەستەبووی بە یەکێتییەکەوە تەواو کرد بە ڕادەستکردنی بەڵگەنامەیەکی فەرمی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسل.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە پەیامی پێشوازیکردن لە فینلاند ئاماژەی بەوە کرد کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دژایەتیکردنی فراوانبوونی ناتۆی وەک یەکێک لە پاساوەکانی لەشکرکێشییەکەی هێناوەتەوە.

ستۆڵتنبێرگ گوتی "ئەمە تەواو پێچەوانەیە، ئەمڕۆ فینلاند، و بەم زووانە سویدیش دەبێتە ئەندامێکی تەواوەتی هاوپەیمانییەکە."

کرێملین ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا ناچار دەبێت "ڕێوشوێنی دژ" بۆ پەیوەستبوونی فینلاند بگرێتەبەر. وەزیری بەرگری سێرگی شۆیگو وتی ئەم هەنگاوە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان لە ئۆکرانیا زیاد دەکات."

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سوید و فینلەندای ناچار کرد داوای ئەندامێتی بکەن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەمەش دەستبەرداری بێلایەنییە سەربازییەکەیان بوون کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بەردەوام بوو.

هەفتەی ڕابردوو دوایین بەربەست لەبەردەم ئەندامێتی فینلەندادا لە ناتۆ لابرا کاتێک پەرلەمانی تورکیا داواکەی هێلسینکی پەسەند کرد، بەڵام داواکەی سویدی هێشتا بە ڕاگیراویی هێشتۆتەوە.

تاوەکو ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا داواکەی سویدییان بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند نەکردووە، تورکیا دەڵێت سوید داڵدەی ئەو کەسانەی داوە کە ئەنکەرە بە " تیرۆریست " ناوییان دەبات، سویدیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. هاوکات هەنگاریا بەهۆی توڕەییەوە لە ڕەخنەکانی سوید لە سیاسەتەکانی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان داواکەی سویدی ڕاگرتووە. بەڵام دیبلۆماتکارانی ناتۆ دەڵێن پێشبینی دەکەن ئەگەر تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات ئەوا هەنگاریاش پەسەندی دەکات.

XS
SM
MD
LG