Accessibility links

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قەرز بە بڕی 15.6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پاکێجێکی پاڵپشتی بە بڕی 15.6 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا پەسەندکردووە، بۆ ئەوەی هاوکاری بکات لە بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتەی کە ململانێی لەسەرە.

بەگوێرەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لەشکرکێشی ڕووسیا ئابوری ئۆکرانیای وێرانکردووە، ئەمەش وایکردووە لەساڵی ڕابردوودا چالاکیەکان بەڕێژەی نزیکەی 30% کەمببنەوە و بەشێکی زۆری سەرمایەی ئۆکرانیای لەناوبردووە و هەژاری بڵاوبووەتەوە.

سەرهەڵدانی شەڕ لە ئۆکرانیا ئابووری جیهانی پەک خستوە و لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و نەوتەوە هەڵاوسانی جیهانی دروستکردووە.

هەروەها ئەم لەشکرکێشییە تیشکی خستۆتە سەر پشتبەستنی ئەوروپا بە گازی سروشتی ڕووسیا بۆ ئاسایشی وزە. زۆرێک لە وڵاتان دوای دەستپێکردنی شەڕ ناچاربوون بەدوای سەرچاوەی وزەی بەدیلدا بگەڕێن.

گیتا گۆپینات جێگری بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەرنامە دوو هەنگاوییەکە چاوی لە سەقامگیرکردنی دۆخی ئابووری وڵاتەکە دەبێت لەکاتێکدا شەڕەکە بەردەوامە، پێش ئەوەی ڕوو لە "چاکسازیی پێکهاتەیی گەورەتر" بکات دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکان.

گاوین گرای، سەرۆکی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەو بەشەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە پاکێجی پشتیوانی گشتی 115 ملیار دۆلاری پێکدەهێنێت کە پێکهاتووە لە کەمکردنەوەی قەرزەکان، یارمەتییەکان و قەرز لەلایەن دامەزراوە فرەلایەنە و دوولایەنەکانەوە.

وتی: "ئامانجی بەرنامە نوێیەکەی ئۆکرانیا کە لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دەکرێت، دابینکردنی لەنگەریکە بۆ سیاسەتە ئابوورییەکان - سیاسەتەکان کە سەقامگیری دارایی ئابووریی گەورە دەپارێزن و پشتگیری لە بوژانەوەی ئابووری دەکەن."

لە کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پەسەندی کردووە، دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار دەستبەجێ دەخرێتە بەردەستی ئۆکرانیا و باقی پارەکەش بڕیارە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئازاد بکرێت.

هەروەها بەرنامەکە گەرەنتی زیاتر لە هەندێک لە ئەندامانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕ لە دەرەوەی خەمڵاندنی ئێستای کە تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 دایە.

گرای ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ململانێکان تا ساڵی ٢٠٢٥ درێژببێتەوە، ئەوا پێداویستییە داراییەکانی ئۆکرانیا لە 115 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیکەی 140 ملیار دۆلار زیاد دەکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG