دوای چەند کاتژمێرێک لە بڕیارەکەی دادگای مەنهاتنی نیۆیۆرک کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد، پارێزەرەکانی ترەمپ ڕایانگەیاند کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا خۆی ڕادەستی داواکاری گشتی دەکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی یەکێک لە پارێزەرانی ترەمپ بە کەناڵی ئێن بی سی ڕاگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرەتای هەفتەی داهاتوو خۆی ڕادەستی دادگای مەنهاتن دەکات.
ئەمە یەکەمجارە سەرۆکێکی ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە.
شەوی پێنجشەممە ڕاگەیەندرا کە دەستەی سوێندخۆران ترەمپیان بە تاوانبار زانیوە و
بەگوێرەی یاساکە، ئێستا دەبێت دۆناڵد ترەمپ لە بەردەم داواکاری گشتیدا ئامادەبێت و ڕێکاری یاسایی ئەنجام بدات، لەوانەش پەنجەمۆر.
ترەمپ بڕیارەکەی دادگای مەنهاتن بە تۆمەتی سیاسی ناودێر دەکات و دەڵێت "ئەم تۆمەتە" ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت و ئەمەش "فێڵێکی دیموکراتەکانە".
دەستەی سوێندخۆرانی گەورە لە مانگی یەک لەلایەن ئەلڤین براگ، داواکاری گشتی مەنهاتنەوە ڕێکخرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ترەمپ لە پێدانی بەرتیل بە ئەستێرەی پۆرن ستۆرمی دانیێڵز چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016.
جێی ئاماژەیە لە سیستەمی دادوەری ئەمەریکا دەستەی سوێندخۆران Jury هەیە کە ئەندامەکانی لە هاووڵاتیانی ئاسایی پـێکدەهێنرێت کە بەپێی یاسا دەسەڵاتیان پێدراوە بۆ ئەنجامدانی ڕێوشوێنی یاسایی و لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتە تاوانکارییەکان. بۆ کەیسی ئاسایی دەستەیەکی بچوک سوێندخواردن پـێکدەهێنرێت کە ژمارەیان لە 6 بۆ 12 کەس پـێکدێت، بەڵام بۆ کەیسی گەورە دەستەی گەورەی سوێندخۆران پـێکدەهێنرێت کە بە Grand Jury ناودێردەکرێت و ژمارەی ئەندامەکانی لە 16 بۆ 23 کەسە. دەستەکە بۆیە بە سوێندخۆران ناودێردەکرێت، چونکە بەر لەوەی دەستبەکاربن لە کەیسەکە لە دادگا سوێنددەخۆن کە دادپەروەرانە و بێ لایەنگیری بڕیاربدەن.
دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی کە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، واتە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی پارێزەرەکانیەوە بڕی 130 هەزار دۆلاری بە ئەستێرەی پۆرن ستۆرمی دانیێڵز داوە وەک بەرتیل و ئەو بڕە پارەیەش لە ڕاپۆرتی باجی ساڵانەیدا نەخراوەتەڕوو.
مایکل کۆهین، پارێزەری ترەمپ کە پارەکەی بەو ژنە داوە، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لەدوای شایەتیدان دژی ترەمپ، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
دوو هەفتە لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ پێشبینی ئەوەی کردبوو دەستگیر بکرێت و داوای لە لایەنگرانی کردبو لە نیویۆرک کۆببنەوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو گردبوونەوەیەکی گەورە نەهاتە ئاراوە.
دوای ئەوەی دەستەی سوێندخۆرانی گەورە ترەمپیان تۆمەتبار کرد، پۆلیسی نیویۆرک ڕایگەیاند کە لە ئامادەباشیدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر نائارامی و پشێوییەک.
وردەکارییەکانی تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپ تا ئێستاش نهێنین و داواکاری گشتی نیویۆرک ڕایگەیاندوە وردەکارییەکانی تۆمەتبارکردنی ترەمپ لەم قۆناغەدا بۆ میدیاکان بڵاوناکرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ترەمپ لە 30 بڕگەدا بە پێشێلکردنی یاسا تۆمەتبار کراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە بواری داراییدا.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو سەرەڕای ئەم دۆسییەش، بەڵام وەک کاندیدێک بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی.
ترەمپ کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا لە هیلاری کلینتۆنی بردەوە و ماوەی چوار ساڵ لە کۆشکی سپی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا بە جۆو بایدنی دۆڕاند و لەو کاتەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە فلۆریدا دەژیت.
ناوبراو جارێکی دیکە کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024ڕاگەیاندوە.
کۆمارییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشتیوانیان لە ترەمپ کردووە.
پارێزگاری فلۆریدا کە پێدەچێت ڕکابەرێکی هاوحزبی ترەمپ بێت، ڕەخنەی لە بڕیارەکەی دادگا گرتوە کە دژ بە ترەمپ دراوە.
هەروەها مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا تۆمەتەکانی سەر دۆناڵد ترەمپ بەهۆی پێشێلکارییە داراییەکانی ماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە تۆڵەی "سیاسی" ناو دەبات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا