وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن نیگەرانی لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی لە ڕووسیا دەردەبڕێت و داوا دەکات ئەمەریکاییەکان دەستبەجێ لەو وڵاتە دەرچن.
بلینکن دەڵێت " ئێمە زۆر نیگەرانین لەمەڕ ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیا کە ڕۆژنامەنووسێکی هاووڵاتی ئەمەریکایی دەستگیرکردووە. ئەرکی سەرەکی وەزارەتی دەرەوە سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمەریکایە لە دەرەوەی وڵات. ئەگەر تۆ هاووڵاتییەکی ئەمەریکای بیت و لە ڕووسیا دەژیت یان لە گەشتێکدای لەوێ، تکایە دەستبەجی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵە".
دەزگای ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی کە بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کار دەکات، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکردووە، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای جەنگی ساردەوە پەیامنێرێکی ئەمەریکایی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستبەسەر بکرێت. ڕۆژنامەکە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی کە بە FSB ناسراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئیڤان گێرشکۆڤیچ لە شاری یکاتێرینبەرگ دەستگیرکراوە لەکاتێکدا گوایە هەوڵیداوە زانیاری بەدەستبهێنێت.
ئەو دەزگایە،کە دەزگای باڵای ئاسایشی ناوخۆیی و جێگرەوەی سەرەکی KBG سەردەمی سۆڤیەت، ئیدعای کردووە کە گێرشکۆڤیچ "بە فەرمانی ئەمەریکا کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە چالاکییەکانی یەکێک لە پێکهاتە پیشەسازییەکانی سەربازی ڕووسیا کە نهێنییەکی دەوڵەتییە".
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو " قسەکە لەسەر گومانێک نییە، قسە لەسەر ئەوەیە کە لە کاتی کردارەکەدا دەستگیرکراوە."
ڕۆژنامەکە دەڵێت "وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە توندی ئەو تۆمەتانەی FSB ڕەتدەکاتەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی پەیامنێری متمانەپێکراو و دڵسۆزمان، ئیڤان گێرشکۆڤیچ دەکات."