Accessibility links

سەرۆک بایدن هێرۆ مستەفا کاندید دەکات بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ میسڕ


Herro Mustafa Garg
Herro Mustafa Garg

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، خانم هێرۆ مستەفا گارگی کاندیدکردووە بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ میسڕ.

ڕاگەیاندنەکەی کۆشکی سپی کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لە بارەی هێرۆ مستەفا دەڵێت دیپلۆماتکارێکی خاوەن ئەزمونێکی زۆرە و پێشتر لە مانگی دەی 2019 هەتا مانگی سێی 2023 باڵیۆزی ئەمەریکا بوو بۆ بولگاریا. پێشتریش دیپلۆماتکارێکی باڵا بووە لە چەندین وڵاتی جیهان، لەوانە پورتوگال ، هیندستان ، لوبنان ، یۆنان و عێراق.

ڕاگەیاندنەکە ئاماژە بەوەش دەکات هێرۆ مستەفا گارگ جگە لە زمانی ئینگلیزی و کوردی، زمانەکانی فارسی و یۆنانی و هیندی و بولگاری و پورتوگالی دەزانێت. لە بەرامبەر ئەم توانایەی لە زماندا خەڵاتی Matilda W. Sinclaire وەرگرتووە.

ساڵی 2021 لە لایەن دامەزراوەی کارنگی خەڵات کرا وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین ئەو کەسانەی کۆچیان بۆ ئەمەریکا کردووە. لە زانکۆی جۆرج تاون بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە خزمەتگوزاری سیاسەتی دەرەوە وەرگرتووە و پاشان بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی پرنستن بەدەستهێناوە.

فیلمی دۆکۆمێنتاری American Herro کە لە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە، باس لە ژیانی هێرۆ دەکات کە چۆن بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان بۆ ئەمەریکا کردووە و پاش 30 ساڵ لە گەیشتنی بۆ ئەمەریکا کاری دیپلۆماتی لەگەڵ کۆندەلیزا ڕایس ، وەزیری پێشووی دەرەوە کردووە.

لە ئێستادا، پێویستە هێرۆ مستەفا لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە بۆ ئەم پۆستە نوێیە پەسەندبکرێت.

سەرچاوە / کۆشکی سپی

XS
SM
MD
LG