دامەزراوەی گاڵەپ (Gallup) کە دەزگایەکی تایبەتە بە ڕاپرسی و توێژینەوە و بنکەکەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکایە، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە لە پاش تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن. ڕاپۆرتەکە بەراوردێک دەکات لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق لە چەند ڕوویەکەوە، لەوانە ئاسایشی و ئابوری و ژیانی کەمینە ئاینی و نەژادییەکان.
ڕاپۆرتەکە ڕۆژی چوارشەممە، 29 ی مانگی سێ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە شەڕی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا زیانی بە ئابوری عێراق گەیاند، بەڵام بە پێچەوانەوە بووە مایەی گەشەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان و هەروەها وەهای کرد حزبە کوردییە ناکۆکەکان پێکەوە هەڵبکەن.
سەبارەت بە تێڕوانینی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت شەڕەکە وەهای کرد خەڵکی هەرێم بە چاوێکی باش لە ئەمەریکا بڕوانن، وە هەتا ئەمڕۆش وایە. دەڵێت لە ڕاپرسییەکدا لە کۆتایی ساڵی 2022 لە ناوچە کوردییەکانی عێراق 79% ی بەشداربووان، واتە نزیکەی لە هەموو 5 کەس 4 کەسیان ، لە سەرکردایەتی ئەمەریکا ڕازیبوون. دەڵێت ئەم ڕێژەیە لە هیچ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، تەنانەت لە ئیسرائیلیش کە لە هەردوو ساڵی 2017 و 2018 ڕاپرسی لەم بارەیەوە کرابوو، تەنیا 67% ی بەشداربووان لەگەڵ ئەمەریکادا بوون. هەر لە ڕاپرسییەکەی 2022 لە ناوچەکانی دیکەی عێراق تەنیا 28% ی بەشداربووان لە سەرکردایەتی ئەمەریکا ڕازیبوون.
گاڵەپ باس لەوەش دەکات لە پاش شەڕی کەنداو کە مەبەستی(شەڕی ڕزگارکردنی کوەیتە)، کردارەکانی ئەمەریکا لە باکوری عێراق وەهای کرد ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراق بەهێزتربێت و بناغەی ئەو ئارامی و گەشەپێدانە دابمەزرێننێت کە ئەمڕۆ هەن.
ڕاپۆرتەکە بابەتی هەستکردن بە سەلامەتی لە کاتی چوونە دەرەوە لە شەودا بە تەنیایی وەک نمونەیەک دەهێنێتەوە بۆ زانینی ئاستی ئارامی و ئاسایش، دەڵێت لە ساڵی 2008 لە هەرێمی کوردستان 56% ی بەشداربووانی ڕاپرسی وتوویانە کاتێک شەو بە تەنیا دەچنە دەرەوە هەست بە سەلامەتی دەکەن، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕێژەکە 43% بووە. لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان ڕێژەکە گەیشتووەتە 88% ، واتە لە هەموو 10 کەس 9 کەسیان هەست بە سەلامەتی دەکەن، وە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بووە بە 72%.
سەبارەت بە ڕەوشی کەمینە نەژادی و ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەر لە شەڕی عێراق نزیکەی 1.5 ملیۆن کرستیان لە عێراقدا بوون، بەڵام ئێستا کەمتر لە 200 هەزار کەسیان لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە و نزیکەی نیوەیان لە ناوچە کوردییەکانن. تەنانەت نەک لەسەر ئاستی عێراق بگرە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ ژیانی کەمینەکان. دەڵێت بەپێی ڕاپرسییەکان لە 84% ی خەڵکی پێیانوایە هەرێمی کوردستان شوێنێکی باشە بۆ ژیانی کەمینەکان، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 59% و لە تورکیا 55% و لە لوبنان 52% و لە ئیسرائیل 45%.
بەڵام ڕاپۆرتەکەی گاڵەپ لە بارەی ئابوری هەرێمی کوردستان دەڵێت چیتر وەک جاران جیاوازییەکی ئەوتۆی باشتری نییە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق. بۆ نمونە لە ڕاپرسییەکی ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 66% ی بەشداربووان، واتە لە هەموو 3 کەس 2 کەسیان ، وتوویانە بە زەحمەت کار دەستدەکەوێت، بەڵام لە باشوری عێراق 65% ی بەشداربووان هەمان تێڕوانینیان هەبووە.
سەبارەت بە ئاستی توانای خەڵکی بۆ شتکڕین، لە ڕاپرسییەکەدا لە هەرێمی کوردستان 45% ی بەشداربووان وتوویانە لە ئاستی توانای شتکڕینیان ڕازین، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕێژەکە 72% بووە.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جیاوازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کەمتر دەبێتەوە و وەک یەکیان لێدێت.
سەرچاوە/ دامەزراوەی گاڵەپ (Gallup)