یەڤگێنی پریگۆژین دامەزرێنەری هێزە چەکدارەکانی ڤاگنەر و هاوپەیمانی نزیکی پوتن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیان بۆ شەڕکردن لە چوارچێوەی ئەو گروپە لە ئۆکرانیا، ڕووسیا لێبوردنی بۆ پێنج هەزار تاوانباری پێشوو کە ئەندامی ئەو گرووپەن، دەرکردوە.
گروپی چەکداری ڤاگنەر کە لە بنەڕەتدا لەلایەن سەربازە دێرینەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیاوە پێکهات، دوای شکستە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ڕۆڵێکی بەرچاوتریان وەرگرت.
لەم چوارچێوەیەدا پریگۆژین بەڵێنی بە هەزاران زیندانی پیاو دا کە ئەگەر لە هەندێک لە شەڕە مەترسیدارەکانی ئۆکرانیادا بەشداری بکەن، ڕەنگە سزاکانیان کەم بکرێتەوە.
ئەو بەهێزترین هاوپەیمانی پوتنەە لەنێو ئەو کەسانەی کە ئەفسەری سەربازی پلە باڵا و هەروەها سیخوڕ و تاوانبارانی پێشوو وەرئەگرن بۆ ئەوەی لە بنەڕەتدا هێزە سەربازی تایبەت پێکبهێنن.
ئەمەریکا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستی ڕووسیا لە سەرانسەری جیهان سزای بەسەر یەڤگێنی پریگۆژیندا سەپاندوە.
پریگۆژین لە سەردەمی سۆڤیەتدا و پێش ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بچێتە بواری بازەرگانییەوە، بەهۆی دزیکردن و تاوانەکانی دیکە نۆ ساڵ لە زینداندا بووە.
ناوبراو دانی بەوەداناوە کە دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا کردووە و بۆ یەکەمجاریش دانی بە ڕۆڵی خۆیدا ناوە لە دامەزراندنی ڤاگنەردا.
جگە لە ئۆکرانیا، گروپەکەی ڤاگنەر لە لیبیا، سوریا، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و وڵاتی ماڵی شەڕیان کردووە و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە بەهۆی گرتنەبەری شێوازی توندوتیژی و بەشداریکردن لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز