وەزیری تەندروستی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی نەخۆشەکان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان دوای دەستپێکردنی "شەپۆلی هەشتەم"ی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە.
بەهرام عەینوڵڵاهی بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاریی دۆخی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران، داوای لەو کەسانە کە ماوەی شەش مانگ بەسەر ڤاکسینەکردنیان تێپەڕیوە، کرد دووبارە بۆ خۆپارێزی ڤاکسینەکە وەرگرنەوە.
عەینوڵڵاهی چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە "شەپۆلی هەشتەمی کۆرۆنا ڕووی لە ئێران کردوە."
بەپێی زانیارییەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و هاوکاتی زیادبوونی گەشتەکان بە بۆنەی نەورۆزەوە، ژمارەی ئەو شارانەی بە هۆی کۆرۆناوە بە سوور دیاری کراون، ڕووی لە زیادبوونە.
بەپێی دوایین هەواڵەکانی وەزارەتی تەندروستی، تا ڕۆژی هەینی دۆخی 13 شاری ئێران بە سوور دیاری کراون و 48 شار پرتەقاڵی و 194 شاری زەرد ڕاگەیەندراون.
وەزارەتی تەندروستی ئێران هەروەها ڕۆژی هەینی 24ی ئەم مانگە ناسنامەی 738 تووشبووی نوێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتدا پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ڕۆژ و شەودا 17 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی ئەو کەسانەی لە ئێران بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 145 هەزار و 172 کەس، هەرچەندە هەندێک سەرچاوەی سەربەخۆ ڕایانگەیاندبوو کە ژمارەی ڕاستەقینەی گیانلەدەستداوان بە هۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتە سێ بۆ چوار ئەوەندەی ژمارەی فەرمی بووە.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا