سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێراندا نییە و تەنها ئامادەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەنگاو بۆ پاراستنی گەلەکەی بنێت.
سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە سەفەرێکی فەرمی خۆی بۆ کەنەدا پشتڕاستی کردەوە کە فەرمانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی تاقمەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لە سوریا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دەرکردووە.
بایدن ئەو فەرمانەی دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژە داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرکردوە.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمەریکا دیارییان کردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە هێرشەکەی پێنجشەممەدا بۆ سەر هێزەکانیان دروستکراوی ئێران بووە.
پنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بووەتە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێک و برینداربوونی پێنج سەرباز و هەروەها بەڵێندەرێکی دیکەی ئەمەریکایی.
نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکایی تا ئێستاش لە سوریان و زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە جێگیرن. ئەو هێزانە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا ماونەتەوە.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە "ئامادەبوونی نایاسایی" ئەمەریکا لە سوریا دەکەن و ڕایانگەیاندوە کە هێزەکانی ئەمەریکا بەبێ مۆڵەتی حکومەتی سوریا لەو وڵاتە جێگیر بوون.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەیتد پرێس